هێرشی فراوانی سوپای توركیا و گرووپەچەكدارەكان بۆسەر سوپای سوریا دەستیپێكرد

جیهان

20/02/2020‌ 2155 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرایكرد، كە سوپای توركیا و گرووپە چەكدارییە توندرەوەكانی سەر بە ئەنقەرە هێرش و بۆردومانێكی چریان كردووەتە سەر هێزەكانی سوپای سوریا لە شارۆچكەی "نەیرەب " لە پارێزگای ئیدلب، كە بەهۆیەوە هێزە سەربازییەكانی سوریا لە شارۆچكەكە پاشەكشەیان كردووە .

روانگەی سوریا ئاشكراشیكرد، كە سوپای توركیا هاوكات لەگەڵ هێرش و بۆردومانەكانیان بۆ سەر لە پێگە سەربازییەكانی سوپای سوریا لە شارۆچكەی نەیرەب، كە دەكەوێتە گوندەواری رۆژئاوای باشووری ئیدلب ، هێزێكی زۆریشیان لەناوچەكانی قەمیناس و سەرمینی دەوروبەری نەیرەب مۆڵداوە.

چالاكانیش باسیان لەوە كردووە، كە سوپای سوریا بەهۆی چڕی بۆردومانی موشەكی و تۆپخانەكانی سوپای توركیا لەشارۆچكەكەوە بۆ ناوچەكانی دەوروبەری باشووری شارۆچەكەكە پاشەكشەیان كردووە.

چەند رۆژێك پێش ئێستا سوپای توركیا و میلیشیا چەكدارییەكان هێرشیان كردە سەر شارۆچكەی نەیرەب و بۆماوەیەكی كاتی دەستیان بەسەردا گرت، بەڵام سوپای سوریا بەزوویی دەستی بەسەردا گرتەوە.

نەیرەب گرنگییەكی ستراتیژی هەیە، لەبەر ئەوەی بەدەروازەی شاری ئیدلب دادەنرێت، كە ناوەندی پارێزگاكەیە و بەهەمان ناوەوەیە.

ئیدلب بەدواین پێگەی گرووپە چەكدارییە توندڕەوەكان دادەنرێت لە سوریا، كە بەرەی نوسرە دەستی بەسەر نیوەی زەوی پارێزگاكەدا گرتووە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی