وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر رووداوەكەی دوبز راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

کوردستان

20/02/2020‌ 734 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر هێرشەکانى چەکدارانى داعش بۆ سەر گوندی چەخماخەی سەر بە دوبز  كە تیایدا چوار هاوڵاتی شەهید بوون راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و داوای جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان وەزارتی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەكات.

لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە" شەوی ١٨ لەسەر ١٩ ی ئەم مانگە، لەئەنجامی پەلامارێکی ترسنۆکانەی تاریکپەرستان و تیرۆریستانی داعش بۆ سەر گوندی ”چەخماخە“ ی سەر بە قەزای دوبز لە ڕۆژئاوای كەركووك، چوار هاووڵاتی بێ گوناح شەهید و سێ هاووڵاتیی تریش بریندار بوون. ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان بە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدانی ئەو ڕووداوە تیرۆریستییە رادەگەینین و هاوخەمی و هاوسۆزی خۆمانیان بۆ دووپاتدەکەینەوە، هیوای چاکبوونەوەی بەپەلەش بۆ برینداران دەخوازین.

ئاماژە بەوەشدراوە، لەماوەی رابردوودا، چەندین جار هۆشداریمان داوە لەمەترسی جموجۆڵەکانی تیرۆریستان لەوناوچانە و دەرفەتی سەرهەڵدانەوەیان لەئەنجامی ئەو بۆشایە ئەمنیەی هەیە.

وەزارەتى پێشمەرگەی حکومەتى هەرێم جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەرکی حکومەتی عیراق و سوپای عێراق و هێزەکانی ترە کە گیان و ماڵی دانیشتوانی ئەو ناوچانە لە کورد، عەرەب، تورکمان و پێکهاتەکانی تر بپارێزێت و سەلامەتی ئەوان لەئەستۆی ئەو هێزانەدایە کە لەو ناوچانە بوونیان هەیە. 

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتى پێشمەرگەدا باس لەوە کراوە، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە خەبات و نەبەردی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا، بە خوێنی رۆڵە ئازاکانی بەبێ جیاوازی، خەڵکی ناوچە دابڕاوەکانی بە ھەموو نەتەوە و پێکهاتەکان پاراستووە، بۆ رێگرتن لەدووبارە بوونەوەی رووداوی لەوشێوەیە، هاوکات داواشى کردوە لەرێگەی دیالۆگی نیشتمانیی و بەرپرسیارانە هەنگاوەکانی رێککەوتنی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق کورتتر و خێراتر بکرێتەوە، هاوکات ئەو بۆشایە ئەمنییەی ئەو سنوڕە پڕبکرێتەوە بەهاوبەشی و وجودی هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراقی فیدڕاڵ. 

وەزارەتی پێشمەرگە  تەئکید دەکاتەوە کە ئێستاش دەتوانرێ بە هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگه و سوپای عیراق و هێزە ئەمنیەکان، ئاسایش و سەقامگیری تەواوەتی بۆ ئەو ناوچانە فەراهەم بکرێت.