پۆلیسی هەولێر لەسەر ئازادكردنی تۆمەتبارانی دۆسیەی منداڵە هەشت ساڵییەكە روونكردنەوە دەدات

کوردستان

20/02/2020‌ 2479 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 

پۆلیسی هه‌ولێر له‌ باره‌ی ئازادكردنی تۆمه‌تبارانی دۆسییه‌ی ده‌ستدرێژیكردنە سەر منداڵە حەوت ساڵییەكە رایگەیاندوە، ئەو بابەتە رەتدەكەنەوە و  ئەو پەڕاوەشیان كۆتایی پێهێناوە و رەوانەی دادگایان كردووە.

له‌ روونكردنه‌وه‌یەکدا بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسی هەولێر  رایگەیاندوە، "سەرلەبەری ئەم بابەتە رەتدەكەینەوە، كە ئێمە هەڕەشەمان لە هیچ كەسێك کردبێت بۆ تەنازولكردن لە داوا یاساییەكەی، ئەو پەڕاوەشمان كۆتایی پێهێناوە و رەوانەی دادگامان كردووە".

پۆلیسى هەولێر ئاماژەى بەوەش کردوە، لە دەرئەنجامی ئەم داوا یاساییە سێ كەسیان دەستگیر كردووە و ڕووبەڕوووی یاسایان كردوونەتەوە، روونیشیکردوەتەوە، سات بە ساتی لێكۆڵینەوەكانیان دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤیان لێ ئاگادار كردۆتەوە و لە نزیكەوە زانیاریی تەواویان لەسەر ئەم كەیسە هەیە.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌:

دوابەدوای چەند وتەیەكی باوكی کچێکی (8) ساڵان كە گوایە دەستدرێژیی سێكسی كراوەتە سەر كچەكەی و لە چەند دەزگایەكی ڕاگەیاندن كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی بۆ ئەنجام درا، كە تیایدا باسی لەوە كردووە، کەوا پۆلیس هەڕەشەی لێ كردووە بۆ تەنازولكردن لە داوا یاساییەكەی، بەڵام ئێمە وەك پۆلیسی هەولێر، لێرەوە سەرلەبەری ئەم بابەتە ره‌تدەكەینەوە كە ئێمە هەڕەشەمان لە هیچ كەسێك کردبێت بۆ تەنازولكردن لە داوا یاساییەكەی، ئەو پەڕاوەشمان كۆتایی پێهێناوە و ڕەوانەی دادگامان كردووە.

هەروەها لە دەرئەنجامی ئەم داوا یاساییە  (3) كەسمان دەستگیر كردووە و ڕووبەڕوووی یاسامان كردوونەتەوە، جگە لەوەش، سات بە ساتی لێكۆڵینەوەكانیشمان، دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤمان لێ ئاگادار كردۆتەوە و لە نزیكەوە زانیاریی تەواویان لەسەر ئەم كەیسە هەیە، ئەگەر هەر پۆلیس یان ئەفسەرێكیش، هەڕەشەی تەنازولكردنی لە هەر داوایەكی یاسایی لە هەر دادخوازێك بكات، ئەوا مافی خۆیەتی داوای یاسایی لەسەر ئەو پۆلیسە یان ئەو ئەفسەرە تۆمار بكات، بەڵام بە بەڵگەوە بێت، چونكە پۆلیس چۆن جێبەجێكاری یاسایە، وە لە هەمان كاتیشدا ئەو یاسایە بەسەریدا بێ جیاوازی جێبەجێ دەكرێت.