شارپرێس:
ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی شوێنگره‌وه‌ی ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیسی بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌ركانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستنیشانكرد.
حه‌شدی شه‌عبی بڕیاریدا عه‌بدولعه‌زیز مه‌حمه‌داوی كه به "ئه‌بو فه‌دك" ناسراوه، بكاته شوێنگره‌وه‌ی ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس و وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌ركانی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستبه‌كاربێت.
مه‌حمه‌داوی كه نازناوی "خاڵ"ی لێنراوه، پێشتر به‌رپرسی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵای عێراقیی بووه، به‌ڵام به‌هۆی دۆسێی "به‌رتیلی ڕاوكه‌ره قه‌ته‌رییه‌كان" له حزبوڵڵا دوركه‌وته‌وه، دواتریش له كاتی خۆپیشاندانه‌كانی عێراق به فه‌رمانی ڕاسته‌وخۆی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی پێشووی فه‌یله‌قی قودس، چوه‌وه نێو ڕیزه‌كانی حزبوڵڵا.
له‌نێو خۆپیشانده‌رانی عێراق مه‌حمه‌داوی ناوێکی نه‌ویستراوه، چونكه تۆمه‌تباریده‌كه‌ن به‌وه‌ی به‌رپرسی به‌شێك له‌و هێرشانه بووه كه كراونه‌ته سه‌ر خۆپیشانده‌رانی عێراق، ته‌نانه‌ت كارگه‌یشته ئه‌وه‌ی، مه‌حمه‌داوی هه‌ر كارێكی ئه‌نجامبدایه ده‌سته‌واژه‌ی "خاڵ لێره‌وه تێپه‌ڕی" به‌كارده‌هێنا، ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ش له‌سه‌ر دیواری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا و له‌زۆرێك له‌و گۆڕه‌پانانه‌ی هێرشكرایه سه‌ر خۆپیشانده‌ران نوسراوه.
مه‌حمه‌داوی به‌رپرسی كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی سنك و خه‌لانی بووه دژی خۆپیشانده‌ران، هاوكات یه‌كێك بووه له‌وانه‌ی به‌شداریی خۆپیشاندانه‌كه‌ی به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكای له عێراق كرد.
به‌شێك له میدیاكان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، له‌چه‌ند كاتژمێری ڕابردوودا حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا، ئه‌مینداری حزبوڵڵای لوبنانی، به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ داوای دانانی مه‌حمه‌داوی له‌پۆستی سه‌رۆكی ئه‌ركانی حه‌شدی شه‌عبی كردووه.
ڕ . ج