هاوسۆزییەكی فراوان لەگەڵ منداڵێك كە بەهۆی چەپاندنەوە بیری لەخۆكوشتن كردووەتەوە

هەمەڕەنگ

23/02/2020‌ 620 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
منداڵێكی كورتەباڵای ئوسترالی بەهۆی ئەوەی رۆژانە لە قوتابخانە هەراسان دەكرێت گەیشتووەتە ئاستێك بیر لەخۆكوشتن بكاتەوە، كە ئەمە وایكردووە شەپۆلێكی گەورە لە پەیامی هاوسۆزی ناوداران و كۆكردنەوەی كۆمەك بۆی دەستپێبكات.

دایكێكی ئوسترالی ڤیدیۆی منداڵەكەی كۆداین بایلزی تەمەن ٩ ساڵانی بڵاوكردووەتەوە، كە بەهۆی ئەو چەپاندن و هەراسانكردنەی رۆژانە لە قوتابخانە رووبەڕووی دەبێتە  بەكوڵ دەگری و هیوای مردن دەخوازێت.

دایكەكە لە ڤیدیۆكەدا دەڵێت: كوڕەكەم لەبەر ئەوەی لە قوتابخانە تەنگی پێهەڵدەچنرێت، بۆیە رۆژانە بیر لەخۆكوشتن دەكاتەوە.

تا رۆژی هەینی ڤیدیۆكە ١٦ ملیۆن جار سەیری كراوە، دایكی منداڵەكە دەڵێت: بۆیە ڤیدیۆكەی بڵاوكردووەتەوە تا خەڵك زیاتر بە كاریگەرییەكانی چەپاندن لەسەر منداڵان هۆشیار بن.

دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆكە، منداڵەكە لەچەندین ناوداری جیهانییەوە نامەی هاوسۆزی پێگەیشت بەجۆرێك براین ولیامی ئەكتەری كۆمێدی ئەمەریكی لە پێگەكەی خۆیەوە " Govandme"  هەڵمەتی كۆكردنەوەی كۆمەكی بۆ منداڵەكە دەستپێكردووە، كە تائێستا ١٥٠ هەزار دۆلاری كۆكردووەتەوە تاوەكو منداڵەكە گەشتێكی دیزنی لاندی پێبكات لە كالیفۆڕنیا.

ئەكتەرە كۆمێدییە ئەمەریكییەكە، كە خۆشی بەدەست كورتەباڵاییەوە دەناڵێنێت لە پەڕەی كۆمەك كۆكردنەوەكدا نووسیویەتی: لەپێناو هەركەسێك، كە لەژیانیدا رووبەڕووی چەپاندن دەبێتەوە و پێیدەوترێت ئەو وەك پێویست نییە".

ویلیامز دەشڵێت: ئەو پارەی زیاتر بۆ ئەو ڕێكخراوە خێرخوازیانە تەرخان دەكات، كە لەبواری بەرەنگاربوونەوەی چەپاندن كار دەكەن.

هەرچی هیو جاكمانی ئەكتەری ئوسترالی و ئینیس كانتەری یاریزانی پیشەگەری یەمەریكییە لەناو ئەو هەزاران كەسانەدان، كە پشتیوانی خۆیان بۆ بایلز راگەیاندووە . 


وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی