فوئاد حوسێن بووەتە كێشەی نێوان عەلاوی‌و كورد

کوردستان

23/02/2020‌ 5040 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
عەقیل تائی شیكەرەوەی سیاسی عێراقی ئاشكرایكرد، كە فوئاد حوسێن وەزیری دارایی كێشەی نێوان كوردو محەمەد تۆفیق عەلاوی راسپێراوی سەرۆك وەزیرانی عێراقە.

تائی لەمیانی لێدوانێكی راشیگەیاند، شاندی كوردی سوورن لەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی نەوت‌و بۆ ئەو پۆستەش فوئاد حوسێن وەزیری داراییان دەستنیشانكردووە.

هەروەها رایگەیاند، محەمەد تۆفیق عەلاوی بەوە رازی نییەو جەختیكردووەتەوە، كە لەئیدارەدانی وەزارەتی دارایی سەركەوتوو نەبووەو رێگەنادات جارێكی تر پۆست وەربگرێتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، زیا بتروس، ئەندامی شاندی دانوستانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دوو شەممە رایگەیاند، كە لەدووەم كۆبوونەوەدا عەلاوی نەرمی نواندن و سازشی لەسەر بابەتی دیاریكردنی وەزیرە كوردەكان كرد، لەو ڕووەوە نەرمی نواند، كە لە كۆبوونەوەی پێشوودا سوربوو لەسەر ئەوەی خۆی وەزیرە كوردەكان دەستنیشان بكات.

هەروەها راشیگەیاند، عەلاوی بەشێوەیەكی زارەكی ڕازیبووە لەسەر ئەوەی هەرێم نوێنەرەكانی لەنێو ئەنجوومەنی وەزیران دیاریبكات، ئەوەش وەك ڕەچاوكردنی دۆخی هەرێم.

زیا بتروس باس لەكۆبوونەوەی دووەمی شاندی هەرێم لەگەڵ عەلاوی كردو ئەوەشی راگەیاند، بەراورد بە كۆبوونەوەی یەكەم، كۆبوونەوەی دووەم باشتر بوو.

هـ ـ ح


بەپەلە