ئێران ئەو كەسەی ئاشكراكرد كە ڤایرۆسی كۆرۆنای هێنایە وڵاتەكەی

جیهان

23/02/2020‌ 7536 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
وەزیری تەندروستی ئێران رایگەیاند، ڤایرۆسی كۆرۆنا لەڕێگەی بازرگانێكی وڵاتەكەیەوە كە  سەردانی چینی كردبووە هاتووەتە وڵاتەكەی.

سەعید نەمەکی بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی دوایین ئاماری توشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا و حاڵەتەكانی گیان لەدەستدانی ئاشكراكرد و وتی، 15 حاڵەتی نوێ لە ئێران تۆمارکراوە بەمەش ژمارەی تووشبوان بۆ 43 کەس بەرزبووەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، شەش  کەس بەهۆی ڤایرۆسەکە مردوون، ئەو کەسەشی ڤایرۆسەکەی بۆ ئێران گواستووەتەوە، بازرگانێک بووە کە سەردانی چینی کردووە.

جەختی لەوەشكردەوە، ئێران گەشتەکانی بۆ چین راگرتبوو، بەڵام ئەو کەسە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ سەردانی چینی کردووە و دواتر هاتووەتەوە شاری قوم و لەوێش بە ڤایرۆسەکە مردووە.

هەروەها وەزیری تەندروستی ئێران داواش دەکات، خەڵک چیدیکە سەردانی قوم نەکەن کە بە 120 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری تارانی پایتەخت.