قوباد تاڵەبانى لە سلێمانى سەرپەرشتى کۆبوونەوەیەکى فراوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسیی كۆرۆنا دەکات

کوردستان

23/02/2020‌ 598 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران بەئامادەبوونی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی لایەنە پەیوەندیدارەكانی سلێمانی كرد بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئەگەری بڵاوبونەوەی پەتای ڤایرۆسیی كۆرۆنا.


بەپێى راگەیەنراویکى پارێزگاى سلێمانى، لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو، ئامادەكارییەكان و چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی بارودۆخەكە، لەگەڵ پێداویستییەكان و زەمینەی سەرخستنی رێوشوێنەكانی روبەڕووبونەوەی مەترسی و ئەگەرەكان، خرانە بەرباس.


تاڵەبانى داوای لە لایەنی تەندروستی كرد هەوڵی زیاتر بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سنورەكان بدەن و ئامادەیی حكومەتی هەرێمی خستەڕوو بۆ هاوكاری و دابینكردنی پێداویستییەكان لەوبارەیەوە، هەروەها رایسپاردن بەردەوام بن لە پێدانی زانیاری و رێنمایی بە هاوڵاتیان لەبارەی چۆنییەتی خۆپاراستنەوە لەرێگەی بەرێوەبەرایەتییەكانی تەندروستییەوە.


لەكۆبوونەوەكەدا ئاماژە بەوەشکراوە، تا ئێستا هەرێمی كوردستان پاكە لە پەتای كۆرونا و ئەوەی هەیە هەوڵی پێشگرتن و بەرەنگاربوونەوەی ئەگەرە كە لەزۆربەی وڵاتانی جیھان پیادە دەكرێت، هەر لەم میانەیەشدا قوباد تاڵەبانی جەختی كردەوە سەلامەتی و تەندروستی ژیانی هاوڵاتیانی كوردستان خەمی یەكەمی حكومەتەو لەو پێناوەشدا هیچ درێغییەك ناكات. 


لەكۆتاییشدا بڕیاردرا كۆبوونەوەكان بەردەوام بن لە رۆژانی داهاتوودا لەمبارەیەوە.

س.هـ

بەپەلە