داواى گەڕانەوە بۆ ئاشتى دەکەن..هەدەپە کۆنگرەى چوارەمى خۆى ئەنجامداو هاوسەرۆکى نوێی هەڵبژارد

کوردستان

23/02/2020‌ 988 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەبەشدارى هەزاران ئەندام و لایەنگرو میوان لە ئەنقەرە پارتى ئاشتى و دیموکراتى گەلان(هەدەپە) چوارەمین کۆنگرەى خۆی بەست و تیایدا هاوسەرۆکانى پارتەکەى هەڵبژارد.

ئەمرۆ یەک شەممە هەدەپە کۆنگرەى چوارەمى خۆی ئەنجامدا کە تیایدا ٣٠ هەزار کەس لە کوردستان و تورکیا و ٢٦ وڵات و هەرێمەوە  ئامادەى کۆنگرەکە بوون. 


هەروەها نوێنەرانى زیاتر لە ٣٠ حیزب و ژمارەیەکى زۆر لە رێکخراوەکان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بەشداری کۆنگرەکە بوون، هەروەها لە ناو میوانەکاندا تینی کۆکس سەرۆکی فراکسیۆنی یەکبوونی ئەنجوومەنى پەرلەمانتارانى ئەوروپا، لۆرینا لۆپیز لاکالی سەرۆکی هاوپەیمانیى ئازاد لە ئەوروپا، گیاکۆما فیلیبیک جێگری سکرتێری گشتیى پارتی سۆسیالیستی ئەووروپا، نیکۆس ئاندرۆلاکیس ئەندامی فراکسیۆنى سۆسیالیست و پەرلەمانتاری ئەوروپا هەن.


کۆمسیۆنی هەڵسەنگاندنی ناوەندیى هەدەپە کە سەرپەرشتى کۆنگرەکە دەکات ئەندامانى کۆنگرە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجاریان بۆ هاوسەرۆکانى هەدەپە بۆ هاوسەرۆکایەتى هەدەپە هەڵبژێردران.


هەردوو هاوسەرۆکى نوێ لە وتەیەکى کورتدا جەختیان لەسەر ئاشتى و گەڕانەوە بۆ پرۆسەى ئاشتى راگەیاندو هیواشیان خواست کیشەکانى ئەمڕۆى تورکیا لەناویاندا پرسى کورد بەرێگاى دیالۆگ و ئاشتى بەڕێوە بچێت.


هەدەپە لە مانگی 10ی ساڵی 2012 دامەزراوەو بەشێوەیەكی كاتی تا بەستنى كۆنگرە (فاتمە گۆك)و (یاوز ئۆنەن) بە هاوسەرۆكانی هەدەپە هەڵبژێردران،لە 2013 هەدەپە یەكەم كۆنگرەی خۆی ئەنجامداو (سەباحەت تونجەل) و (ئەرتوغرول كوركچو) بوون بە هاوسەرۆك.
 كۆنگرەی دووەمیش لە ساڵی 2014 ئەنجامدراو سەڵاحەدین دەمیرتاش‌و فیگەن یوكسەكداغ بە هاوسەرۆكانی پارتەكە هەڵبژێردران، سێیەمین کۆنگرەش لە مانگى ١١ى ساڵى ٢٠١٨ دا لەکاتێک بەسترا کە هاوسەرۆکەکانى خرابوونە زیندانەوە.

لەکۆنگرەى سێیەمدا کە مانگى تشرینى دووەمی ساڵى ٢٠١٨ بەڕێوەچوو هەدەپە هەریەكە (سەزایی تەمەللی) و (پەروین بوڵدان) لە شوێینی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسكداغ بۆ سەرۆکایەتى پارتەکەیان دیاری کرد.


هەدەپە گەورەترین پارتی یاسایی كوردییە لە باكووری كوردستان‌و  هەردوو ساڵ جارێک کۆنگرە دەبەستێت لە هەڵبژاردنی ساڵی 2015ی  پەرلەمانی توركیادا بەڕێوەچوو توانی رێژەی لە10%ی بەربەستی هەڵبژاردن تێپەڕێنێت‌و 81 كورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت.

س.هـ