منداڵێكی 17 رۆژی تووشبووی كۆرۆنا بێ پێدانی هیچ دەرمانێك چاكبووەوە

تەندروستی

26/02/2020‌ 623 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
منداڵێكی 17  رۆژی، كە لە دایكێكی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەشاری وهانی چین لەدایك بوو بەتەواوەتی لەنەخۆشییەكە چاكبووەوە.

بەگوێرەی دەزگاكانی راگەیاندنی چین منداڵە شیرەخۆرەكە بچووكترین تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، كە لە نەخۆشییەكە چاكبووەتەوە.

بەگوێرەی رۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"ی بەریتانی، رۆژی هەینی منداڵەكە دوای ئەوەی بەتەواوەتی لە نەخۆشییەكە چاكبووەوە نەخۆشخانەی بەجیهێشتووە، ئەویش لەكاتێكدایە هیچ جۆرە چارەسەرێكی پێنەدراوە.

رۆژنامەی "پیوپڵ"ی چینی باسی لەوە كردووە منداڵەكە هەر لەیەكەم رۆژی لەدایكبوونیدا دوای ئەوەی دەركەوتووە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێیە بەخێرایی براوەتە نەخۆشخانەی منداڵانی وهان .

بەگوێرەی نەخۆشخانەی وهانی چین منداڵەكە ناوی "شیاو شیاو" بووە كۆئەندامی هەناسەی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بووەو گرفتێكی بچووكیشی بۆ ماسولكەی دڵی درووستكردووە، بەڵام دوای چاكبوونەوەی دایك و منداڵەكە رێگەیان پێدراوە نەخۆشخانە جێبهێڵن.

پزیشكانی چین ترسی ئەوەیان هەیە دایكانی سكپڕی هەڵگری ڤایرۆسەكە لەماوەی سكپڕییەكەیانەوە نەخۆشییەكە بۆ منداڵەكانیان بگوازنەوە.

گەورەترین چاكبووەوەی نەخۆشی كۆرۆنا لەچین ئافرەتێكی تەمەن 96 ساڵی بوو دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ رۆژ خرایە ژێر چاودێری وردەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی