بارەگای بارزانی: هه‌رێمی كوردستان مافی خۆیه‌تی كاندیدی هه‌بێت بۆ پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان

کوردستان

26/02/2020‌ 1663 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بارەگای بارزانی راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان مافی خۆیه‌تی كاندیدی هه‌بێت بۆ پۆسته‌ وه‌زارییه‌كانی كابینه‌ی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق.

بارەگای بارزانی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "لەپاش ڕاسپاردنی محەمەد عەللاوی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق لە چەند میدیایەكی عەرەبی و كوردی وا بڵاوبووەتەوە كە گوایە بارزانی لەبەر كێشەی كەسی و دانانی هەندێ كەسی نزیك لە خۆی بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكان كێشەی لەگەڵ عەللاوی و پڕۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی تازەدا هەیە".

بارەگای بارزانی باسی له‌وه‌شكردووه‌، ئەم بابەتە هیچ بنەمایەكی نییە و سەرۆك بارزانی تێبینی لەسەر شێواز و بەرنامەی كاری عەللاوی و میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدەكان هەیە بۆ پۆستە وەزارییەكانی حكوومەتی عێراق.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی باره‌گای بارزانیدا رونیشیكردووه‌ته‌وه‌، ئەو شێواز و میكانیزمە ڕەچاوی ماف و داواكاریی پێكهاتەكان و تایبەتمەندیی هەرێمی كوردستان ناكات و بە دڵنییاییەوە دەبێتە هۆی قووڵتربوونی قەیرانە سیاسییەكانی عێراق.


ڕاگەیێندراوێك لە بارەگای بارزانییەوە

لەپاش ڕاسپاردنی بەڕێز محەمەد عەللاوی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق لە چەند میدیایەكی عەرەبی و كوردی وا بڵاو بووەتەوە كە گوایە جەنابی سەرۆك بارزانی لەبەر كێشەی كەسی و دانانی هەندێ كەسی نزیك لە خۆی بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكان كێشەی لەگەڵ بەڕێز عەللاوی و پڕۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی تازەدا هەیە.

لێرەدا بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە ئەم بابەتە هیچ بنەمایەكی نییە و سەرۆك بارزانی تێبینی لەسەر شێواز و بەرنامەی كاری عەللاوی و میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدەكان هەیە بۆ پۆستە وەزارییەكانی حكوومەتی عێراق. ئەو شێواز و میكانیزمە ڕەچاوی ماف و داواكاریی پێكهاتەكان و تایبەتمەندیی هەرێمی كوردستان ناكات و بە دڵنییاییەوە دەبێتە هۆی قووڵتربوونی قەیرانە سیاسییەكانی عێراق.

بەلای سەرۆك بارزانییەوە ناوی كەسەكان ئەولەوییەت نییە بەڵكو ئەوەی گرنگە پابەندبوونی هەموو لایەكە بۆ ئەوەی بنەماكانی شەراكەت و هاوسەنگی و تەوافوق لە پڕۆسەی سیاسی و حكوومەتی داهاتوودا ڕەچاو بگیرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا هەروەك چۆن هەندێ لایەن بەڕێز عەللاویان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید كردووە، هەرێمی كوردستانیش مافی خۆیەتی كاندیدی بۆ پۆستە وەزارییەكان هەبێت و پێویستە ڕێز لەو مافەی هەرێمی كوردستان بگیرێت.

بارەگای بارزانی
26ـی 2ـی 2020