شارپرێس:
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، لەپێناو پاراستنى سەلامەتی ژیانی هاوڵاتیان، ئەنجومەنى وەزارەت هەڵمەتى خۆپاراستن لە ڤایرۆسى کۆرۆنا رادەگەیەنێت و تیمە زانستیەکانى زانکۆکانیش هاوکار دەبن بۆ هۆشیارى تەندروستى، ڕاوێژى زانستى و ئەنجامدانى توێژینەوە.
ئارام محهمهد، سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ چوارشەممە سەرپەرشتى کردنى کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتی كرد، کە بە ئامادەبونى سەرجەم سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و ڕاگرى کۆلێژەکانى پزیشکى لە زانکۆکان بەڕێوەچو.
لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا وهزیری خوێندنی باڵا رایگهیاند، ناوەندە زانستى و پزیشکییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و زانکۆکان، بەشدارى کاراو گرنگ لەم هەڵمەتە دەبینین بە تایبەتى بۆ ڕاگەیاندنى هەڵمەتى خۆپاراستن بۆ ڕوبەڕوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا.
ئەنجومەنی وەزارەت بۆ ڕوبەڕوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لەسەر دو ئاست چەند بڕیارێکى دەرکرد:
یهكهم: پێکهێنانى ژورى عەمەلیاتى سەرەکى لەسەر ئاستى وەزارەت، بەسەرۆکایەتى وەزیرى خوێندنى باڵا و ڕاوێژکارى وەزیر و سەرۆکى بۆردى کوردستانى و سەرۆکى زانکۆى هەولێرى پزیشکى و ڕاگرى کۆلێجە پزیشکییەکانى زانکۆکان.
دووهم: دامودەزگاکانى خوێندنى باڵا لەهەمو شارەکان لێژنەى هاوبەش پێکدەهێنن لە کۆلێجەکانى کۆمەڵەى پزیشکى و زانستە تەندروستییەکان و زانستە بنچینەییە پەیوەندارەکان.
سێیهم: هەمو توانا مرۆییەکانى زانکۆکانمان لە پزیشکان و پسپۆڕان و ئەکادیمییەکانمان پشتیوانى وەزارەتى تەندروستى و دامودەزگاکانى تەندروستى دەبن.
چوارهم: ئەو تیمانەى لە ئاستى شارەکان پێکدێن هاوکار دەبن لە بڵاوکردنەوەى هۆشیارى تەندروستى و ڕێگرتن لە بڵاوبونەوەى نەخۆشیەکەو پلانى چارەسەرو ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى و ڕاوێژ و ڕاپۆرتى بەردەوام بۆ پشتیوانیکردنى هەوڵەکانى وەزارەتى تەندروستى.
پێنجهم: هەمو ژێرخانى زانستى کۆلیجەکانى کۆمەڵەى پزیشکى و سێنتەرەکانى توێژینەوە لە خزمەت ئەم پرۆسەیە دەبن، بە تایبەت ئەو ئامێر و تەکنەلۆجیایانەى کە بۆ دەستنیشانکردنى نەخۆشیەکە سودیان لێوەردەگیرێت.
شهشهم: کۆمەڵانى خەڵک دڵنیا دەکەین کە خوێندنى باڵا پشتیوانى تەواو دەبێت پێکەوە دەتوانین لەم کارەدا سەرکەوتو بین.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا باس لە دواین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزیران کرا بۆ ڕاگەیاندنى هەڵمەتى نیشتمانى ڕوبەڕوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆناو چەند بڕیارێک دەربارەی پلان و هەنگاو و ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئاماژەدان بە پشوى ناوەندەکانى خوێندن کە لە زانکۆ و پەیمانگە (حکومى و تایبەتەکان) بەم شێوەیە دەبێت:
لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (حکومی و تایبەتەکان) لە ڕێکەوتى (29-2-2020) پشو دەبێت تاکو ڕێکەوتى (1-4-2020) خوێندن دەستپێدەکاتەوە.
پشوەکە تایبەتە بە ڕاگرتنى پرۆسەى خوێندن و تەنها خوێندکاران/قوتابیان دەگرێتەوە، واتە مامۆستایان و فەرمانبەران لە دامودەزگاکانى وەزارەت و زانکۆکان ناگرێتەوە.
دوا بەدواى تەواوبونى کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاندنى ژورى عەمەلیات و میکانیزمەکانى خۆپاراستن لە ڤایرۆسى کۆرۆنا خستەڕو.