شارپرێس:
چەند رۆژێكی كەم پێش ئێستا كتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەكان ناوی شیتیسو واتانابی تەمەن ١١٢ ساڵی وەك بەتەمەنترین پیاوی جیهان دەستنیشان كرد، بەڵام رۆژی یەكشەممە كۆچی دوایی كرد .
دەزگاكانی راگەیاندنی ژاپۆن رایانگەیاند، كە بەتەمەنترین پیاوی جیهان دوو رۆژ پێش ئێستا گیانی لەدەستداوە، بەڵام هۆكاری مردنەكەیان باس نەكردووە.
رۆژنامەكان لەسەر زاری كەسوكاری واتانابییەوە بڵاویانكردەوە، كە لەمدواییە نەیتوانیوە نان بخوات و پلەی گەرمی جەستەی بەرزبووەتەوە و دوو رۆژ پێش مردنی تووشی تەنگە نەفەسی بووە .
واتانابی، كە لەساڵی ١٩٠٧ لەدایك بووە لە ١٢ی شوبات وەك بەتەمەنترین پیاوی جیهان ناوی چووە كتێبی گینسەوە .
بەگوێرەی رۆژنامەی "ماینیبشی "ی ژاپۆنی، واتانابی پێش گەڕانەوەی بۆ ژاپۆن بۆ ماوەی ١٨ ساڵ لە تایوان كاری كردووە و خاوەنی پێنج منداڵ و ٢٥ نەوەیە.
شیتیسو واتانابی بەردەوام دەیوت نهێنی تەمەندرێژییەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە بەردەوام زەردەخەنەی لەسەر لێوە.
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی