گۆگڵ خزمەتگوزاری وەرگێڕانی كوردی سۆرانی بۆ ئینگلیزی زیاد كرد

هەمەڕەنگ

28/02/2020‌ 16809 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
کۆمپانیای گوگڵ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا،  پێنج زمانی نوێی بۆ خزمەتگوزاری وەرگێڕانی Google Translate زیادکرد و  لەخزمەتگوزارییەكدا دەتوانی زمانی كوردی سۆرانی وەربگێڕی بۆ ئینگلیزی.

بەگوێرەی سایتی " كیتن"  زمانەكان بریتی بوون لە زمانەکانی ئۆدیا، تەتەر، تورکمان و یوغور. 

سەرچیا خورشید، كە یەكێكە لەشارەزاكانی بواری كۆمپیوتەر  تێبینی هەبوونی هەڵەیەکی كردووە  لە دوای زیادکردنی ئەو پێنج زمانە نوێیەوە بۆ خزمەتگوزارییەکە، ئەویش ئەوەیە کە خزمەتگوزارییەکە توانای هەیە ڕستە کوردییە سۆرانییەکان بە شێوەیەکی زۆر باش لە ڕێگەی هەڵبژاردنی زمانی یوغور (Uyghur) ـەوە وەربگێڕێتە سەر زمانی ئینگلیزی. 
ئاماژەی بەوەداوە،  پێدەچێت زانیارییەکان تێکەڵ بووبێتن، بەڵام ئەمە موژدەی نزیکبوونەوەی زیادکردنی زمانی کوردیی سۆرانیمان دەداتێ بۆ خزمەتگوزارییەکە و دوور نییە لە چەند هەفتەی داهاتوودا زمانەکەمان بۆ خزمەتگوزارییەکە زیاد بکرێت.

بەوتەی ئەو وەرگێڕانی ڕستەکان لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردیی سۆرانی لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ئەو زمانەوە، کار ناکات. ئەمەش نیشانەی تێکەڵبوونی زانیارییەکانە.

 هەروەها ئەو زمانە تەنها توانای وەرگێڕانی ڕستە کوردییە سۆرانییەکانی هەیە بۆ ئینگلیزی و وەرگێڕانی ڕستە کوردییە سۆرانییەکان بۆ زمانەکانی دیکە بە شێوەیەکی باش کار ناکات.

بۆ چۆنیەتی وەرگێڕانی ڕستەکان لە کوردیی سۆرانی بۆ ئینگلیزی لە نێو Google Translate ـدا، پێویستە بگەڕێیت بۆ زمانی Uyghur و هەڵبژێریت و لە بەرانبەرەکەیدا زمانی ئینگلیزی هەڵبژێریت، ئینجا دەتوانیت دەست بە نووسینی ڕستە کوردییەکان بکەیت تاوەکو خزمەتگوزارییەکە بۆت وەربگێڕێتە سەر ئینگلیزی.