ئەگەری هەیە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەتاقیگەیەك دزەی كردبێت

لە میدیاکانەوە

29/02/2020‌ 2419 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەینی ڕابردووتر لە كۆبونوەوەیەكی حاڵەتی لەناكاو سەرۆكی چین خی چین پینگ باسی لە گرنگی پێویستی ڕێگریكردن لەڤایرۆسی كۆرۆنا كرد و داوای كرد سیستەمێك بەكاربهێنرێت بۆ ڕێگریكردن لە تاعونی لەم شێوەیە لە ئایندەدا.

سەرۆكی چینی وتی: پێویستە سیستەمێكی نیشتمانی هەبێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی  تاقیگەكان و مەترسی ئاسایشی تەندروستی "بایۆسیكیورتی" بۆ پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان، هەروەها وتیشی: سەلامەتی تاقیگەكان مەسەلەیەكە پەیوەندی هەیە بەئەمنی قەومییەوە.

بەڵام ئەوەی باسی لێوەنەكرد و نەیدركاند ئەوەبوو، ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە ئێستا بوە بەهۆی مەرگی هەزاران كەس لە چین و وڵاتانی دیكەی جیهان و هەزارانی دیكەش تووشی ئەو نەخۆشییە كوشندە بوون‌و كاریگەری گەورەی لەسەر ئابوروی و ئەمن و ئاسایشی وڵاتان كردووە لە ڕاستیدا بەهۆی ئەوە بوو، كە ڤایرۆسەكە لەیەكێك لە تاقیگەكانی توێژینەوەی بواری بایۆلۆژی دزەی كردووە حكومەتەكەی ئەو راستیەی شاردووەتەوە. 

هەر ڕۆژێك دوای وتەكانی سەرۆك بەڵگەكان دەركەوتن، كە ئەو ڤایرۆسە لەیەكێك لە تاقیگەكانی توێژینەوە دزەی كردووە، چونكە تەنیا ڕۆژێك بەسەر قسەكانی سەرۆك تێنەپەڕی وەزارەتی زانست و تەكنەلۆژیای چینی ڕێنمایی (فەرمانێك)ی نوێی دەركرد بەناونیشانی "ڕێنماییەكانی بەهێزكردنی ئیدارەدانی ئەمنی بایۆلۆژی لە تاقیگەكانی مایكرۆبایۆلۆژی، كە مامەڵە لەگەڵ ڤایرۆسی پێشكەوتوودا دەكەن وەك ڤایرۆسی كۆرۆنا".

تكایە ئەو ڕێنمایە جارێكی دیكە بە وردی بخوێنەوە، لەو ناونیشانەوە دەردەكەوێت وڵاتی چین كێشەی گەورەی هەبووە كاتێك، كە نەیتوانیوە ڤایرۆسە مەترسیدارەكانی پاسۆجین لەناو لولەی تاقیگەكان بپارێزێت، كە دەبوا هەر لەوێ بن و دزە نەكەن بۆ دەرەوەی تاقیگەكان. 

هەروەها وەڵامی ئەو پرسیارەش گرنگە، كە ئایا ژمارەی ئەو تاقیگە بایەلۆژیانە چەندن، كە مامەڵە لەگەڵ ڤایرۆسی پێشكەوتوودا دەكەن وەك ڤایرۆسی كۆرۆنا؟

دەركەوتووە، كە لە چین تەنیا یەك تاقیگەی لەو شێوەیە هەیە و ئەو تاقیگەیە لە شارێكی چینە بەناوی وهان ئەو شارەی، كە ڤایرۆسەكەی تێدا بڵاوبووەوە بۆ یەكەمین جار، وهان ئێستا پایتەختی ئەو ڤایرۆسەیە، كە بەجیهاندا ڕۆژ دوای ڕۆژ تەشەنە دەكات.

پێشكەوتووترین تاقیگەی پلە 4 ی چین، كە توانای مامەڵەكردنی هەیە لەگەڵ ڤایرۆسی كوشندەی كۆرۆنا پێی دەوترێت تاقیگەی نیشتمانی بۆ سەلامەتی بایەلۆژی, كە بەشێكە لەئینستیتوتی وهان بۆ فیرۆلۆژی، یان ڤایرۆسناسی.

جگە لەمەش جەنەراڵی گشتی سوپای ئازادی نیشتمانی چین و پلەبەرزترین پسپۆر لەبواری جەنگی بایەلۆژیدا، كە ناوی جەنەراڵ چین وییە لەكۆتایی مانگی كانونی دووەمی 2020 نێردرا بۆ شاری وهان بۆ ئەوەی یارمەتی شارەكە بدات لە ڕێگریكردن لە تەشەنەسەندنی ئەو ڤایرۆسە.

بەپێی ڕۆژنامەی سوپای ئازادی نیشتمانی چین جەنەران چین وی لەساڵی 2003ەوە سەرقاڵی توێژینەوەیە لەسەر ڤایرۆسی سارس و ئیبۆلا و ئەنسراكسە، ئەمە یەكەم سەردانكردنی ئەو ژنە جەنەڕاڵە نییە بۆ شاری وهان و ئینستیتوتی وهان بۆ ڤایرۆسسناسی، چونكە ئەو ئیسنتیتوتە یەكێكە لەو تەنیا دوو ئینستیتوتەی وڵاتی چین، كە تاقیگەیان هەیە بۆ توێژینەوە لەسەر چەكی بایەلۆژی  لە هەموو وڵاتی چین.

ئایا ئەمە بەو مانایە نایەت، كە ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا و سارس كۆڤی 2 لەو تاقیگەیە دزەی كردبێتە دەرەوە و ئێستا ئیشی یەكەمی سوپای ئازادی چین و جەنەڕاڵ چین وی ئەوەیە، كە ئەو دێوەزمەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بخاتەوە ناو ئەو بوتڵەی، كە سەرەتا لەناو تاقیگەكە بوو، بەڵام ئێستا لەدەرەوەیە و ڕۆژانە دەبێتە هۆی مەرگی ترسناك.

هەروەها چین وڵاتێكە مێژووی هەیە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی لەو شێوە، كە تا ئێستا دوو جار ڤایرۆسی سارس لە تاقیگەكانی بیژینگ دزەیانكردووە، چونكە لەوێ كاریان لەسەر ڤایرۆسیسارس دەكرد، بەڵام پێشووتر توانیان زۆر بەخێرایی ڕێگری بكەن لەتەشەنەسەندی، چونكە ئەو ڤایرۆسە ئەوەیە، كە پێی دەوترێت مان مەید واتە مرۆڤ خۆی دروستی دەكات نەك سروشتی بێت. 

لەهەردوو حاڵەتەكەدا ئەگەر ڕێوشوێنی سەلامەتی پێویستیان بگرتایە بەر هەرگیز ئەڤ ڤایرۆسە بڵاونەدەبووەوە.

هەروەها ڕاستییەكی دیكەی نەزانراو هەیە لەسەر وڵاتی چین، كە ئێمە بۆ یەكەمین جار بڵاوی دەكەینەوە، هەندێك لە توێژەرانی وڵاتی چین ئەو خوەیان گرتووە، كە ئەو ئاژەڵانەی لە تاقیگە توێژینەوەیان لەسەر دەكەن دەیبەن لەناو بازاڕی ئاژەڵە زیندوەكاندا دەفرۆشن، یان دەیان فرۆشن بەو كەسانەی مامەڵە بە پەلەوەر و ئاژەڵ دەكەن دوای ئەوەی، كە كاری خۆیان و توێژینەوەیان لەسەر ئەو ئاژەڵانە ئەنجام دەدەن.

لەجیاتی ئەوەی ئەو ئاژەڵانەی، كە بۆ مەبەستی توێژینەوە بەكاردێن لەناو كورەی تایبەت بسوتێنرێن و لەناوببرێن، كە ئەمە كارە یاساییەكەیە، كەچی هەندێك لە توێژەرە هەلپەرستەكان تەنیا لەپێناو بەدەست هێنانی هەندێك پارەی زیاد بۆ خۆیان دێن ئەو ئاژەڵە توشبوانە لەبازاڕدا ساخ دەكەنەوە و دەیانفرۆشن، یان لە هەندێك حاڵەتدا, بەپارەیەكی زۆر دەیانفرۆشن. 

یەكێك لەو توێژەرانەی شاری بەیژینگ، كە ئێستا لە بەندیخانەدایە، نزیكەی یەك ملیۆن دۆلاری پەیدا كردووە تەنیا بەفرۆشتنی مەیموون و چرجەكانی لە بازاڕی ئاژەڵانی زیندوو، ئیتر ئەو ئاژەڵانەش ئەو كەسانە تووش دەكەن، كە دەیانكڕن یا دەیان خۆن و بەو چەشنە ڤایرۆسەكە بڵاودەبێتەوە.

هەروەها خەڵكی مافی خۆیەتی، كە باوەڕ بەدەسەڵاتدارانی وڵاتی چین نەكات، چونكە دوور نییە ئەوان ڕاستی ڕووداوەكە لە خەڵك بشارنەوە بەتایبەتی لەسەرەتاكانی دەركەوتن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی سارس و كۆرۆنۆ كۆفی 2، چونكە ئەو بیانوو پاساوانەی، كە تا ئێستا حكومەتی چینی بەهاووڵاتیانی داوە زۆر لاوازن و نەیانتوانیوە قەناعەت پێكەربن و ڕۆژانە خەڵك نەخۆش دەكەون ودەمرن.

سەەرەتا حكومەتی چین هەوڵیدا  لۆمەی بازاڕێكی فرۆشتنی خواردنی دەریایی بكات، كە شوێنی ئەو ماركێتە زۆر دوور نییە لەو تاقیگەیەی كەلەئینستیتوتی ڤایرۆسسناسیە لە شاری وهان، ئەمە جگە لەو ڕاستییەی یەكەمین كەس، كە تووشی ئەو ڤایرۆسی كۆرۆنایە بوو، تۆمار و ئەرشیف كراوە بۆ مێژوو ئەو كەسە هەرگیز سەردانی ئەو ماركێتەی نەكردووە.

دواتر حكومەت هات لۆمەی مار و شەمشەمەكوێرە و مێرولەی پانگۆلینی كرد، وەك سەرچاوەی سەرەكی ڤایرۆسی كۆرۆنا، گۆڕینی چیرۆكانە بۆ؟ ئەو پرسیارەیە گرنگە وەڵامبدرێتەوە.

خەڵكی باوەڕو بەو چیرۆكانەی حكومەتی چین ناكەن، چونكە دەركەوتووە مار بەهیچ شێوەیەك ڤایرۆسی كۆرۆنایان نییە و جگە لەمەش لەو بازاڕ و ماركێتەی، كە خواردنی دەریایی دەفرۆشن و حكومەت تۆمەتباری كردن هەرگیز شەمشەمە كوێرەیان نەفرۆشتووە. 

هەروەها میرۆلەی پانگۆلینیش یەكێكە لەو بوونەوەرانەی، كە لەناو چووەو ئەوەندەی بۆ پولەكەكەی دەفرۆشرێت بۆ خواردنەكەی كەڵكی لێوەرناگیرێت.

بەڵگەكان ئەوە دەخەنە ڕوو، كە ئەو توێژینەوانەی لە ئینستیتوتی ڤایرۆسناسی شاری وهان بۆ ڤایرۆسی سارس و كۆرۆنا كۆف 2 كراون و ئەو كەسانەی ئەو كارەیان كردووە تۆمەتبارن.

ئەگەرێكی تر هەیە، كە ڤایرۆسەكە لەلایەن كارمەندێكەوە گواسترابێتەوە بۆ دەرەوەی تاقیگەكە كاتێك، كە كارمەندەكە ئەو ئاژەڵەی خواردبێت، كە تاقیكردنەوەی لەسەر كراوە. 

سیناریۆكان زۆرن ب،ەڵام ئەوەی ڕوونە دەسەڵاتدارانی وڵاتی چین لەئێستادا هەموو شتێك دەكەن بۆ ڕاستكردنەوەی باری لاری ئەو هەڵەیەی، كە ئەنجام دراوە. 

لەئێستاشدا بەپێی ئەو ڕێنماییانەی، كە بڵاویان كردووەتەوە دیارە دەیانەوێت شێواز و ڕێوشوێنی توند لەناوتاقیگەكان بگرنە بەر بۆ ڕێگریكردن لەم فەزیحەیە.

ئێستا دەسەڵاتدارانی چین و توێژەرانی تاقیگەی ڤایرۆلۆژی كارەساتێكی گەورەیان بەسەر هاووڵاتیانی خۆی و جیهاندا هێناوە، هێشتا زووە تا بزانین بە هۆی ئەم هەڵەیەوە چەند كەسی دیكە لە چین و جیهان دەبنە قوربانی, هەڵەیەك تاقیگە حكومییەكانی مایكرۆبایۆلۆژی چین لێی بەرپرسیارن, ئەوەی تا ئێستا زانراوە باجی گیانی زۆردراوە و دیاریش نییە چەند ڕۆحی تر دەبنە قوربانی هەڵەی تاقیگەو توێژەرو دەسەڵاتی نابەرپرس.

بەڵام مەترسن, سەرۆكی چین خی دڵنیایی داوە، كە ئەو كۆنتڕۆڵی مەترسییە بایەلۆژییەكانی كردووە لەپێناو پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان خەڵكی، چونكە پسپۆرە بایەلۆژیناسەكانی  سوپای چین لە ئێستادا لەم ئەركە بەرپرسن.

سەرچاوە: نیۆرك پۆست
وەرگێران: پشتیوان فەرەج