سـعـودیـیـەو شـازادەكـانـی بـاجـی دابـەزیـنـی نـرخـی نـەوت دەدەن

مەلەفی تایبەت

17/03/2020‌ 1562 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (ئیكسپرت ئۆنلاین) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی زەمەنی گۆڕانكارییە سیاسییەكان یان زەمەنی شڵەژان لە شانشینی عەرەبستاندا.

بەپێی راپۆرتەكە، رۆژی سێ شەممە میدیای شەرقولئەوسەت دەستگیركردنی شازادە محەمەد بن سەعد ئال سعودی كوڕی سەعد بن عەبدولعەزیز برای شا سەلمانی بڵاوكردەوە، كە ئەندامی ئەنجوومەنی سوێند خواردن یان دەستەی پەیماندان (البیعە) یە.

دەزگاكانی راگەیاندنی بیانیش بڵاویانكردووەتەوە، كە برای پاشای وڵات و 19 شازادەی تر دەستگیركراون، لە نێویاندا وەزیری پێشووی ناوخۆ (محەمەد بن نایف)، كە تا ئەم دواییە كاری زۆری لە ژێر دەستدا بووە. 

بە پێچەوانەی ئەو هەڵایەی لەسەر دەستگیركردنەكانی رابردوو هەبوو لە خێزانی دەسەڵاتداردا لە نۆڤەمبەری 2017، ئەمجارەیان بێ دەنگی زیاتر زاڵە.

بۆیە تەنیا ئەگەرەكان دەمێننەوە، روونەكەیان ئەوەیە، كە پەیوەندی بە دابەزینی نرخی نەوتەوە هەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە دەستگیركردنەكان بەگوێرەی شرۆڤەی میدیا بیانییەكان بە پیلانگێڕیەكی كراوەی دادەنێن و هاوكاتە لەگەڵ تاقیكردنەوەی رێڕەوی چاكسازیی محەمەد بن سەلمان، دیارە فەلسەفەی ئەو گۆڕانكاریانەی ناوبراو لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا دەیانكات زۆر سادەیە، لە سیاسەتی دەرەوەدا خۆی دەبینێتەوە لە بەهێزكردنی رۆڵی دەوڵەت لەكاروبارەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە ناوخۆشدا چاكسازی بواری ئابوری بە ئامانجی گەیشتن بەوەی شانشینی ئیماراتی عەرەبی بەدەستی هێناوە؛ واتە كەمكردنەوەی پشت بەستن بە نەوت.

محەمەد بن سەلمان بە باوەڕبوون بەخۆیەوە واژووی لەسەر هەردوو ئامانجەكە كرد و بە خێرایی بەسەر بەربەستەكاندا سەركەوت و پشتی كردە رەخنەكان و لێكەوتە نێگەتیڤەكان، ئەمەش ژمارەیەكی زۆری لەنوێنەرانی دەستەبژێری دەسەڵاتدار قەلس كردووە.

دیارە لە هەموو ئەم گۆڕانكارییانە یەك ئەنجامی هەیە و كەس ناتوانێت نكوڵی لێبكات، ئەویش هاتنی كاتی وەرچەرخانەكانە لە شانشینەكەدا، كە پێش ئەوە بە سیمبولی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی شڵەژاودا ئەژمار دەكرا، یاخود هاتنی كاتی شڵەژانە سیاسییەكانە، هەروەك هەندێك وای بۆ دەچن.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسوڵ رەزا