ئەمریكا هۆشداری لەهەڵگیرسانی ململانێی لەنێوان ڕوسیاو توركیا دەدات

مەلەفی تایبەت

19/03/2020‌ 2257 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بۆ یەكەمجارە كە ئەمریكا، بەرپرسیاریەتی كوژرانی دەیەها سەربازی توركی لە سوریا دەداتە پاڵ ڕوسیا.

لە هەنگاوێكی دیكەشیدا، ئەمریكا سزای زیاتری بەسەر بەرپرسە سورییەكاندا سەپاند، كە ئەمەش لە ئان و ساتێكدایە پەیوەندییەكانی مۆسكۆ و ئەنقەرە بەرەو بارگرژی زەق و ئاشكرا دەچن، پێش گەیشتنە بڕیاری ئاگربەستیش، هەردوولا لە‌سەر لێواری بەرەنگاربوونەوەیەكی سەربازی بوون لە ئیدلیب.

لەم هەفتە مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتی: پێمانوایە ڕوسیا لە پڕۆسە سەربازییەكانیدا، دەیەها سەربازی توركی كوشتووە.

پۆمپیۆ وتیشی: ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانەكەمانین لە ناتۆ، ڕێوشوێنی سەرباری دیكەش‌ تاوتوێدەكەین، بۆ پشتیوانی توركیا و كۆتاییهێنان لە ململانێكە.

چاودێران لەوە بە گومانن، كە هێزە ئاسمانییەكانی سوریا گورزیان لە هێزەكانی توركیا وەشاندبێت.

هاوكات پۆمپیۆ سزای تازەی بەسەر  عەلی ئەیوبی وەزیری بەرگری سوریادا سەپاند، بەو تۆمەتی وەزیری ناوبراو پشكدار بووە لەشكاندن ئاگربەستی شاری ئیدلیب.

بە گوێرەی ئەو سزایانەش، موڵكی و ماڵی وەزیرەكە ناوبراوەكە بلۆك دەكرێت، واشنتۆن دەشتوانێت هەر كەسێك بێنێتە بەردەم دادگا، كە مامەڵەی دارایی لەگەڵ وەزیرە ناوبراوەكەدا بكات.

پێشتریش دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا، لە ساڵی  2019 دا، "یاسای پاراستنی مەدەنییە سورییەكانی" دەركرد، كە سزا دەسەپێنێت بەسەر ڕژێمی سوریا و پشتیوانەكانیدا، لە بەرانبەر ئەو تاوانانەی لە وڵاتدا ئەنجامیان داوە.

یاساكە ڕێگە بۆ ئەوەش خۆش دەكات، سزا بەسەر چەتە بیانییەكانی ڕوسیا و ئێران لە سوریادا بسەپێنرێت، كە فەرماندەی سەربازی و مەدەنی پلەبەرزەكانی ڕژێمیش دەگرێتەوە، بە بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریاشەوە.

بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت: هێزەكانی ئەسەد بەپاڵپشتی ڕوسیا، بەرپرسن لە بەردەوامی بۆردومانكردن و وێرانكردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە و كوشتنی مەدەنییەكان، بەو كارمەندانەشەوە، كە لە بواری پزیشكیدا كار دەكەن.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ڕژێمەكەی‌ ئەسەد و لایەنە ئێرانییەكان و ڕوسەكان، بەردەوامن لە كۆششەكانیان بۆ یەكلاییكردنەوەی سەربازی لە سوریا، كە ئەوان پابەندن بە چارەسەرێكی سیاسی ئاشتیخوازانەوە، كە لەگەڵ بڕیاری 2245 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا بگونجێت.

بەیاننامەكە باسی لەوەش كردووە، دوای ئەوەی ململانێی سوریا چووە ساڵی دەیەمەوە، ئەمریكا هەموو میكانیزمە دبلۆماسی‌و ئابوورییە بەردەستەكانن دەگرێتەبەر، بۆ فشارخستنەسەر ڕژێمەكەی ئەسەد و پشتیوانەكانی، به ڕوسیاشەوە.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر