بانكی ناوەندی عێراق: موچەی فەرمانبەران گەرەنتیكراوە

ئابوری

23/03/2020‌ 4051 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەباس علێوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایكرد، بانكی ناوەندی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی ئاگاداركردووەتەوە، كە سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییەی ئێستا لەئارادایە، بەڵام موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان گەرەنتیكراوە، جەختیشیكردووەتەوە، كە قەیرانە داراییەكە لەئێستادا لەژێر كۆنترۆڵدایە.

عەلێوی لەلێدوانێكدا بۆ پێگەی "مەعلوومە" وتی: عەلی عەللاق پارێزگاری بانكی ناوەندی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئاگاداركردووەتەوە، كە موچەی فەرمانبەران و هەموو پابەندییە داراییەكانی حكومەت گەرەنتیكراوە و لەژێر سایەی هەرەسهێنانی نرخەكانی نەوت لە بازارەكانی جیهاندا و ئەو قەیرانە داراییەی لەوڵاتدا درووست بووە بەڵام دۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە لەدوای هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ لەبەغدا و پارێزگاكانی تر، ئەنجوومەنی نوێنەران دانیشتنێك لەبارەی هەرەسهێنانی نرخی نەوت و ئەو بەرزبوونەوەیەی لە كورتهێنانی بودجەدا دروست بووە گرێدەدات، كە بەقسەی ئەو  پەرلەمان چارەسەری ستراتیژی بۆ دووركەوتنەوە لە بەرزبوونەوەی كورتهێنان لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ دادەنێت.

رۆژی یەكشەممەش عەلی عەللاق پارێزگاری بانكی ناوەندی داوای لەئیدارەی بانكەكان كردووە، كە لەژێر سایەی ئەو دۆخەی هاتووەتە پێشەوە داواكاری وەرگرتنەوەی قیستی قەرز و پێشینەكانی هاووڵاتیان دوابخەن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی