توركیا دروستكردنی ئامێری ئاشكراكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنای راگەیاند

تەندروستی

24/03/2020‌ 1026 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
دوای ئەوەی رۆژی هەینی جوان مستەفا هاوسەرۆكی دەستەی تەندروستی ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، كە بەهەماهەنگی لەگەڵ پەیمانگای تەندروستی  "pias" ی سویدی توانیویانە ئامێرێك بەرهەم بهێنن، كە دەتوانێت لەماوەی ٣٠ خولەكدا ئەنجامی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاشكرا بكات، توركیاش رایگەیاند ئامێرێكیان بەرهەمهێناوە تەنیا لەماوەی ١٥ خولەكدا دەتوانێت تووشبوون بە ڤایرۆسەكە ئاشكرابكات.

وەزارەتی تەندروستی توركیا رایگەیاند، ئەو ئامێرەی لە توركیا بەرهەمهێنراوە لەهەموو تاقیگەكانی سەر بە هەموو ویلایەتەكانی توركیا دەستیان بە بەكارهێنانی كردووە بەجۆرێك دەتوانێت لەماوەی ١٥ خولەكدا ئەنجامەكە بەدەستەوە بدات .

لای خۆیەوە دكتۆر یاسەمین جۆشكون پسپۆڕ لە بواری مایكرۆبایۆلۆجی لەشاری ئەنقەرە لەنمایشێكی ناساندنی ئامێرەكەدا وتی: ئاشكراكردنی خێرای ڤایرۆسی كۆرۆنا گرنگییەكی گەورەی هەیە بۆ دابڕینی كەسانی تووشبوو لە كەسانی ساغ.

جۆشكون وتیشی: شێوەی كاركردنی ئامێرەكە بەجۆرێكە سامپڵێك لە لوت، یاخود دەمی كەسی گومانلێكراو وەردەگیرێت و دواتر لەگەڵ گیراوەیەكی تایبەتدا تێكەڵ دەكرێت و ئیتر دەردەكەوێت، كە ئاخۆ كەسەكە تووشبووە یاخود نا، كە بەقسەی ئەو پزیشكە توركە ئامێرەكە ئەنجامی زۆر ورد بەدەستەوە دەدات.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی