لەعێراق بەپاساوی پاراستنی دابونەریتەوە ڕێگە نادرێت ئافرەتانی تووشبووی كۆرۆنا ببرێنە كەرەنتینەكان

هەمەڕەنگ

24/03/2020‌ 478 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپاساوی پاراستنی نامووس و ڕێگرتن لە شێواندنی ناوبانگ و دابونەریتەوە بەشێك لە خێزانەكانی شاری بەغدا ڕێگە نادەن كچ و ئافرەتەكانیان دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ كارەنتینەكان بگوازرێنەوە بۆ ئەوەی چارەسەریان بۆ بكرێت .

دوای ئەوەی هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە، كە خێزانێكی شاری بەغدا رەتیانكردووەتەوە كچەكەیان، كە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە بگوازنەوە بۆ كەرەنتینە بۆ ئەو مەبەستەش عەشیرەتەكەیان دەستتێوەردانی كردووە و ڕێگریان لە تیمە پزیشكییەكان كردووە، كە كچەكە لەگەڵ خۆیان بەرن بۆ چارەسەر، ئەمە تووڕەیی و مشتومڕێكی زۆری لەناو لە چالاكانی تۆرە كۆمەڵایەتییەكان درووستكردووە.

ئەو چالاكانە قسەكانی سەرچاوەیەكی پزیشكی عێراقیان دەستاودەستپێكردووە، كە داوای كردووە ناوەكەی ئاشكرا نەكرێت و تێیدا دەڵێت: لەئەنجامی پشكنینەكان دەركەوت ئافرەتێك تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كەسوكارەكەی پێیان وایە گواستنەوەی كچەكەیان بۆ كەرەنتینە عەیبداری پێوەیە و لەگەڵ دابونەریتەكانی ئەواندا نایەتەوە ڕێگەیان نەداوە تووشبووەكە بۆ كەرەنتینە بگوازینەوە.

لای خۆیەوە عەلی بەیاتی كۆمسیۆنەری كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق وتی: چەند حاڵەتێك هەیە، كە كەسوكاری ئافرەتە تووشبووەكان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ئامادە نین رێگە بدەن كچەكانیان و خێزانەكانیان بۆ كەرەنتینە بگوازرێنەوە، ئەوانەشی گوازراونەتەوە كەسوكارەكانیان لەبەردەم نەخۆشخانەكان گرد دەبنەوە و داوا دەكەن ئافرەتەكانیان بهێنرێنە دەرەوە.

بەیاتی باسی لەوەش كردووە، كە چەندین حاڵەتێكیش هەیە كەسانی تووشبوو بە ڤایرۆسەكە بەدزییەوە كەرەنتینەیان جێهێشتووە، كە ئەوە بەڵگەیە لەسەر كەمی هۆشیاری لەسەر ڕاددەی مەترسی نەخۆشییەكە.

هـ ـ ح