کورتهێنان لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ى عێراق زیاتر لە ٧٠ تڕیلیۆن دینارە

عیراق

24/03/2020‌ 237 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

 ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت کە قەبارەی کورتهێنان لە بودجەی گشتی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢٠ زیاتر لە ٧٠ تڕیلیۆن دینارە .

ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەى دارایی لەپەرلەمانى عێراق لەلێدوانێکیدا بۆ پێگەی "مەعلوومە" رایگەیاندوە، پرۆژە یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ کە لە وەزارەتی دارایی ئامادە کراوە نرخی بەرمیلێک نەوتی بە ٥٣ دۆلار هەژمار کردووە، بەڵام لەگەڵ هەرەسهێنانی نرخەکانی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان بەتایبەتی لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە هۆی ئەوەی کورتهێنانی دارایی لە بودجەدا بۆ زیاتر لە ٧٠ تڕیلیۆن دینار بەرزببێتەوە ".

لەبەشێکی تری لێدوانەکەیدا حاجی رەشید، ئاماژەى بەوەشکردوە، تا ئەم ساتە نازانرێت چۆن مامەڵە لەگەڵ بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ دا دەکرێت جا بەکەمکردنەوەی نرخی نەوت بێت یاخود بە گرتنەبەری ڕێکاری ئابووری تر بێت، لەبەر ئەوەی دۆخەکە پێویستی بە پێکهێنانی حکوومەت و دەستبەکاربوونەوەی پەرلەمان هەیە کە لەگەڵ کۆتاییهاتنی دۆسیەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نرخەکانی نەوتیش لە بازارە جیهانییەکاندا روو لەباشبوونەوە دەکات.

وەرگێڕان : ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی