عەدنان زورفی لەیەكەم جوڵەیدا لە پەرتكردنی ریزی لایەنە شیعییەكان سەركەوتوو دەبێت

عیراق

25/03/2020‌ 2298 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:   
سەرچاوەیەكی نزیك لە عەدنان زورفی سەرۆك وەزیری راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی كاتی ئاشكرایكرد، ناوبراو سەركەوتوو بووە لە بەدەستهێنانی دەنگی ١٠٠ پەرلەمانتاری عێراقی ناو هێزە شیعییەكان، ئەویش دوای جوڵەیەكی ناوبراو بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی پەرلەمانتاران لەجیاتی كوتلە و هاوپەیمانییە سیاسییەكان.

دوای ئەوەی رۆژی ١٦ی مارس عەدنان زورفی لەلایەن سەرۆك كۆمار بەرهەم ساڵحەوە راسپێردا بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق، بەڵام بەشێك لە هێزە سیاسییە شیعییەكان بەپاساوی ئەوەی زورفی لایەنگری ئەمەریكایە و پلانی ئەمەریكا لەعێراق جێبەجێدەكات دژایەتی خۆیان بۆ راسپاردنی پیشاندا و دەستیان كرد بە جموجۆڵەكانی دوورخستنەوەی.

ئەو سەرچاوەیە بە پێگەی "شەفەق نیوز"ی راگەیاندووە، زورفی دەستی بە جوڵە و دانوستانەكانی كردووە لەسەر ئاستی پەرلەمانتارەكانی ناو هێزە سیاسییە شیعییەكان، بەو پێیەی خۆشی پەرلەمانتار بووە و لێیانەوە نزیكە.

بەقسەی ئەو سەرچاوەیە، كە لەبەر هەستیاری زانیارییەكان داوای كردووە ناوەكەی ئاشكرا نەكرێت ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، راسپێردراو لەمیانەی ئەو جوڵەیدا توانیویەتی دوور لەرەزامەندی پارت و سەرۆك كوتلەكانیان پشتگیری ١٠٠ پەرلەمانتاری ناو هێزە شیعییەكان بەدەستبهێنێت .

هەر لەو چوارچێوەیەدا عەلی بەدیری پەرلەمانتاری رەوتی حیكمەی نیشتمانی جەختیكردووەتەوە، زورفی توانیویەتی دوور لەرەزامەندی كوتلە سیاسییەكان رەزامەندی بەشێك لە پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت .

بەدیری راشیگەیاندووە، كە هەندێك لە پەرلەمانتاران بێگەڕانەوە بۆ سەرۆكی پارت و كوتلە سیاسییەكانیان پشتیوانی زورفی دەكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، كە هەندێك لەو پەرلەمانتارانە لەناو ئەو پارتانەدان، كە بەرهەڵستی راسپاردنی زورفی دەكەن.

راسپاردنی عەدنان زورفی بۆ پێكهێنانی حكومەت دوای ئەوە دێت، كە پێشتر محەمەد تۆفیق عەلاوی بەهۆی بەدەستنەهێنانی متمانەی پەرلەمانتارانەوە نەیتوانی لە پێكهێنانی كابینەی حكوومەت سەركەوتوو بێت بۆیە لە ئەركی پێكهێنانی حكومەت كشایەوە . 

حكومەتی نوێ ئەگەر پێكبهێنرێت ئەو دەچێتە جێگای حكوومەتی كاربەڕێكەری عادل عەبدولمەهدی دوای ئەوەی بەهۆی خۆپیشاندان ونارەزایەتییەكانەوە لەسەرەتای مانگی كانوونی یەكەم دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی