ئیتالیا بەهۆی كۆرۆناوە مانگانە 100 ملیار یۆرۆ زیانی بەردەكەوێت

ئابوری

26/03/2020‌ 799 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی پیشەسازانی ئیتالیا باس لە زیانە ئابوورییەكانی راوەستانی كەرتەكانی وەبەرهێنان لەو وڵاتە دەكات، كە بەمەبەستی پێشگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیراوەتەبەر و  تائێستا زیاتر لە ٦٥ هەزار كەسی لەو وڵاتە تووش كردووە.

بەگوێرەی قسەی ڤینسینزۆ بوكیا سەرۆكی یەكێتییەكە، زیانە ئابوورییەكانی ئیتالیا لە راوەستانی كەرتەكانی بەرهەمهێنان مانگانە دەگاتە 100 ملیار یۆرۆ .

بوكیا وتیشی: ئابووری ئیتالیا لەدوای راوەستاندنی چالاكییەكانی بەرهەمهێنان لە ئابووری فریاگوزارییەوە  بۆ ئابووری سەربازی گۆڕدراوە.

ئەو ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، تێكرای داهاتی نەتەوەیی ئیتالیا ساڵانە دەگاتە 1800 ملیار یۆرۆ، لەكاتی راوەستانی %70ی بەرهەمهێنان مانای وایە وڵات مانگانە 100 ملیار یۆرۆ زیانی بەردەكەوێت.

سەرۆكی یەكێتی پیشەسازانی ئیتالیا جەختیكردووەتەوە، لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لەسەر بنەمای ڕێنماییەكانی حكومەت  %70 چالاكییەكانی بەرهەمهێنان راوەستاون.

رۆژی یەكشەممەی رابردوو لەچوارچێوەی بەرنامەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، حكومەتی ئیتالیا داوای كرد جگە لە پرۆژە ستراتیژی و پێویستەكان سەرجەم چالاكییە ئابوورییەكانی بواری بەرهەمهێنان لەو وڵاتە رابگیرێن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی