هێزەكانی ئەمەریكا لە كۆشكەكانی سەددام و بنكەی سەربازی گەیارە لە نەینەوا دەكشێنەوە

جیهان

26/03/2020‌ 1194 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەكی ئەمنیی عێراقی بە ئاژانسی هەواڵی "سپۆتنیك"ی روسی راگەیاند، كە هێزەكانی ئەمەریكا لەیەكێك لەبنكە ئاسمانییەكانی باشووری پاریزگای نەینەوا پاشەكشە دەكەن، كە چەندین ساڵە تێیدا جێگیر بوون.

ئاژانسە روسییەكە لەو سەرچاوە عێراقییەوە گواستوویەتییەوە، هێزە ئەمەریكییەكانی ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بنكەی ئاسمانی گەیارە رادەستی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا دەكەن.

بەقسەی ئەو سەرچاوەیە هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا لەو بنكەیە، كە دەكەوێتە ناحیەی گەیارە لە باشووری موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا بەرەو بنكەیەكی سەربازی تری سەرەكی لە عێراق پاشەكشە دەكەن.

ئەو سەرچاوەیە، كە ئەفسەرێكی باڵای سوپای عێراقە لە ناحیەی گەیارە جەختیكردووەتەوە، كە لە رۆژی چوارشەممەوە فرۆكە ئەمەریكییەكان دەستیان بە گواستنەوەی كەلوپەلە لۆجیستییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كردووە و تا تەاوبوونی پرۆسەی كشانەوەكە بەردەوام دەبن.

هەر ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش كردووە، كە ڕاهێنەرە ئەمەریكییەكان و هێزەكانی نێردەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە رۆژی ٤ ی نیسانەوە لە كۆشكەكانی سەرۆكایەتی تایبەت بە رژێمی سەددام حوسێن لە بەری چەپی شاری مووسڵ پاشەكشە دەكەن.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە دوای پرۆسەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە كۆشكەكانی سەددام حوسێن، ئەو جێگایانە رادەستی فەرماندەی پرۆسە سەربازییەكانی نەینەوا دەكرێن.

لەكۆتایی قسەكانیدا ئەو ئەفسەرە باڵایەی عێراق باسی لەوە كردووە، كە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە بنكەی ئاسمانی گەیارە و كۆشكەكانی سەرۆكی پێشووی عێراق، ئەو هێزانە ڕوو لە  بنكە سەربازییە سەرەكییەكانی تر لە پارێزگاكانی سەڵاحەددین و ئەنبار دەكەن.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە