لایەنە کوردییەکان لەبەر هۆکارێک دانوستانەکانیان لەگەڵ زورفی دوادەخەن

کوردستان

27/03/2020‌ 988 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عیماد باجەلان پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کردووە کە تا ئەم ساتە هیچ جۆرە دانوستانێک لەنێوان لایەنە کوردییەکان و عەدنان زورفی سەرۆک وەزیری راسپێردراو لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق نەکراوە .

باجەلان لەلێدوانێکدا بەپێگەی "شەفەق نیوز"ی رایگەیاندوە، تا ئەم ساتە هیچ جۆرە گفتوگۆ و دانوستانێک لەنێوان لایەنە کوردییەکان و تەنانەت سوننیەکانیش لەگەڵ عەدنان زورفی سەرۆک وەزیری راسپێردراو لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق نەکراوە ".

پەرلەمانتارەکەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە لایەنە کوردی و سوننییەکان بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان لەگەڵ زورفی چاوەڕێی بڕیاری سیاسی ناوماڵی شیعەکان دەکەن ، بەڵام هێشتا شیعەکان نە لەسەر زورفی رێککەوتوون نە جێگرەوەشیان بۆ دەستنیشان کردووە . 

لای خۆشییەوە فازڵ فەتلاوی پەرلەنتاری هاوپەیمانی فەتح ئاشکرای کردووە کە لیژنە حەوت کەسییەکەی هێزە شیعییەکان شکستیان هێناوە لەوەی شوێنگرەوەیەک بۆ زورفی بدۆزەوە .

زورفی لەرۆژی راسپاردنییەوە ٣٠ رۆژی لەبەردەمدایە بۆئەوەی پێکهاتە و کارنامەی حکومەت تەواو بکات و رادەستی پەرلەمانی بکات بۆ دەنگدان لەسەری، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناوبراو لەلایەن بەشێک لە هێزە سیاسییە شیعییە دیارەکان لەسەروویانەوە هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتی هادی عامری و دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نووری مالیکییەوە رەتدەکرێتەوە بۆیە لەبەدیهێنانی ئەو ئەرکەیدا رووبەرووی ئاستەنگی قورس دەبێتەوە .

وەرگێڕان : ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی