سەرۆكی سلۆڤاكیا لەسەردەمی كۆڕۆناشدا لەكەشخەیی خۆی ناكەوێت

هەمەڕەنگ

28/03/2020‌ 2745 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەم دواییەدا زۆزانا كابۆتۆڤای سەرۆكی سلۆڤاكیا لەچەندین بۆنەدا بەمەبەستی هاندانی خەڵك بۆ ئەوەی پابەندی ڕێكارەكانی خۆپاریزی بن لەدژی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەكی كەشخە و سەرنجراكێش دەردەكەوێت .

چالاكانی تۆرە كۆمەڵایەتییەكان چەندین وێنەی كابۆتۆڤایان بڵاوكردووەتەوە، كە جلوبەرگی كەشخەی لەبەرە و دەمامكەكەشی لەهەمان رەنگی جلەكانییەتی و دەستكێشی رەشیشی لەدەستە، بەجۆرێك بەشێكیان سەرسامی خۆیان دەربڕیوە بەوەی سەرەرای ئەو دۆخە سەختەی جیهان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تێیدا دەژی، بەڵام ئەو هێشتا هەر كەشخە و رێكپۆشە، تەنانەت هەندێكیان وتویانە: سەرەرای هەموو دۆخەكان ئیدی ئافرەت هەر ئافرەتە.

بەڵام هەندێك كەس بیروڕای جیاوازیان هەبووە بەشێوەیەك هەیە پێوایە بەكارنەهێنانی دەمامكی پزیشكی ئاسایی بەهۆی شەرمكردنییەوە بووە بەوپێیەی ئەو سەرۆك دەوڵەتە، لەكاتێكدا بەشێكی تریان پێیان وایە جۆرێكە لە خۆنواندن و خۆنمایشكردن .

لەڕێورەسمی دانانی ئەنجوومەنی وەزیرانی نوێی سلۆڤاكیا، هەموو لایەك سووربوون لەسەر ئەوەی دەمامكی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەكاربهێنن لەناویاندا خانمە سەرۆكی وڵات و ئیگۆر ماتۆڤیچی سەرۆكوەزیران.

لەبەر ئەوەی ئافرەت بەردەوام بە جوانی و كەشخەییەكەیەوە جیادەكرێتەوە لەبەر ئەوە بەكارهێنانی دەمامكێكی جیاواز لەوانی تر جۆرێك لە سەرنجراكێشی پێبەخشیوە لەكاتێكدا ئەو پەیامی هۆشیاری لە پێویستی گرتنەبەر هەموو ڕێكارەكانی خۆپارێزی دەداتە هاووڵاتیان.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی