هەوڵی ڕفاندنی سەركردەكانی شیعە لەلایەن ئەمریكا ترسی دروست كردووە

عیراق

28/03/2020‌ 1759 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژی پێنجشەممە دوو موشەك لەناوچەی سەوزی ناوەڕاستی بەغدا و لەنزیك باڵیۆزخانەی ئەمەریكا كەوتنە خوارەوە، كە بە قسەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەبەغدا تەقاندنی دوو موشەكەكە بەئاڕاستەی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا هاوكات بووە لەگەڵ بیستنی دەنگی زەنگی ئاگاداركردنەوە لەبینای باڵیۆزخانەكە. 

ئەو سەرچاوەیە بەپشتبەستن بە قسەی شایەتحاڵەكان باسی لەوە كردووە، پێدەچێت موشەكەكان لە رۆژهەڵاتی دیجلە و بەدیاریكراویش لە ناوچەی زەییونەوە ئاراستەكرابن.

سەرچاوەكە باسی لەوەش كردووە، كە دوای هەوڵێكی ئەمەریكییەكان بۆ دەست بەسەردا گرتنی، هێلیكۆپتەرێكی عێراقی هەستاوە بە گواستنەوەی سەركردەی یەكێك لەگرووپە چەكدارییەكانی عێراق، كە لەوكاتەدا لەناو چوارگۆشەی سەرۆكایەتی لەجادرییە بووە.

هەروەها روونكردووەتەوە، كە گرووپە چەكدارییەكان بەئامانجی سەرقاڵكردنی ئەمەریكییەكان و شكستهێنان بەهەوڵی ڕفاندنی ئەو سەركردەیە بەشێوەیەكی هەڕەمەكی دەستیان كردووە بە ئاراستەكردنی موشەك بۆ دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا.

ئەو سەرچاوەیە، كە داوای كردووە ناوەكەی ئاشكرا نەكرێت ئەوەشی راگەیاندووە، كە ئەو سەركردەیەی ئەمەریكییەكان هەوڵی رفاندنیاندا شێخ ئەكرەم كەعبی ئەمینداری بزووتنەوەی نوجەبا بووە، كە میوانی یەكێك لە سەركردەكانی هاوپەیمانی بینا بووە.

سەرچاوەكە جەختی لەوەش كردووەتەوە، زانیاری هەبووە لەنزیك چوارگۆشەی سەرۆكایەتی جوڵەیەكی نائاسایی هەبووە، تەنانەت باس لەوەشكراوە پێش هێرشە موشەكییەكە بۆ ماوەی نیو سەعات تەزووی كارەبا لەناوچەكە بڕاوە.

ئەم هەنگاوە ترسی لەلای سەركردە شیعەكان، بەتایبەتی سەركردەی گروپە چەكدارییەكانی شەعبی دروست كردووەو لەو بارەوە رێكاری پێویستیان گرتووەتە بەرو ژمارەیەكی زۆر لەپاسەوانیان لەخۆیان كۆكردووەتەوە.

هەروەها سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، سەركردە شیعەكان ناڕازی‌و نیگەرانن‌و لەو بارەوە نیگەرانییەكانیان گەیاندووەتە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی كاربەرێكەر.

هـ ـ ح