حكومەتی هەرێم لەسەر دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران ڕێككەوتووە

کوردستان

29/03/2020‌ 20060 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران ڕێككەوتووە، بەڵام بڕو شێوەكەی هێشتا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی شارپرێس لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستیكەوتووە، كۆوبوونەوەكەی ڕۆژی هەینی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم تەواو پەیوەست بووە بە موچەی فەرمانبەران و تێیدا بڕیاری دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران دراوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لەكۆبوونەوەكەدا ڕابەر سدیق، بریكاری وەزیری دارایی هەرێم ئامادەیبووە، كە پێشتر لەكاتی قەیرانی دارایی هەرێم و دواتریش كشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حكومەت وەزارەتی دارایی بەڕێوەدەبرد، لەئێستاشدا دەسەڵاتەكانی ئەگەر هاوتای ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی نەبێت كەمتر نییەو بڕیاری ئەوە دراوە، كە دەستكاری موچەی فەرمانبەران دەكەن، ئەوەشی ماوەتەوە تەنیا بڕو شێوەی دەستكاریكردنەكە، كە لەكۆبوونەوەكانی داهاتوو بڕیاری لێدەدرێت.

ئه‌و بژاردانه‌ی له‌به‌رده‌ست ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندان به‌مشێوه‌یه‌یه‌:

- تا نرخی نه‌وت به‌رزده‌بێته‌وه‌ موچه‌ به‌ زیاتر له‌ 45 ڕۆژ جارێك دابه‌شبكرێت

- به‌ناوی ڕێكخستنه‌وه‌ و یه‌كسانیی له‌ ده‌رماڵه‌دا، به‌ڕێژه‌ی جیاواز ده‌ستكاریی ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران بكرێت، ئه‌وانه‌ی موچه‌ی "بنه‌ڕه‌تی"یان زۆره‌ بڕێكی زۆر له‌ ده‌رماڵه‌كه‌یان ببڕدرێت، ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌یشی به‌شی زۆری موچه‌كه‌یان ده‌رماڵه‌یه‌، ڕێژه‌یه‌كی كه‌متر له‌ ده‌رماڵه‌كه‌یان ببڕدرێت.


شارپرێس زانیویەتی حكومەت ئامادەكاری بۆ دروستبوونی شەپۆلی ناڕەزایەتی لەدوای دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران كردووە، بەشێوەیەك كە لایەنگرانی حیزبە بەشدارەكانی حكومەت بەشێك نەبن لەو ناڕەزایەتییانە، بەڵام هیچكام لەیەكێتی و گۆڕان گەرەنتی ئەوەیان نەداوەتە پارتی، كە خەڵكی سلێمانی لەئاست كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران بێدەنگ بن.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە موچەی مانگی داهاتووی فەرمانبەران بەو شێوازە نوێیە دەدرێت، كە سەرەتای مانگی نیسان حكومەت بەناوی ڕێكخستنەوەی دەرماڵە و چاكسازییەوە دەستكاری دەكات.

هەروەها سەرچاوەكەی شارپرێس جەختی لەوەكردەوە، بزووتنەوەی گۆڕان ناڕەزایەتیی دەرنەبڕیوە لە دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران بەو مەرجەی مانگانە موچە دابەشبكرێت، لەبەرانبەریشدا پارتی گەرەنتی ئەوەیداوە، هاوكات تا ئێستا یەكێتی بەفەرمی پشتیوانی لە كەمكردنەوەی موچە نەكردووە.

هەر بەگوێرەی زانیارییەكانی شارپرێس، لەكۆبوونەوەی ڕابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، تیمی یەكێتی لە حكومەت داوایان لەسەرۆكی حكومەت كردووە موچەی فەرمانبەران كەمنەكاتەوە، بەڵكو بۆ چەند مانگێك قەرز بكرێت تا ئەوكاتەی نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە، تەنانەت یەكێك لە ئەندامانی تیمی یەكێتی لە حكومەت وتوویەتی: خەڵك پێشتر لەبەر شەڕی داعش سیستمی پاشەكەوتی موچەی قبوڵكرد، بەڵام ئەمجارە قبوڵی ناكات.

ڕ. ج