بەشیر حەداد: پێویسته‌ هه‌رێم بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی ئه‌و رێنماییانەی کاریان لەسەر دەکرێت

عیراق

29/03/2020‌ 371 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات تا ئەو کاتەی پێویستە و مەترسی لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە هەیە، بەردەوام بێت لە جێبەجێ کردنی ئەو بڕیار و رێنماییانەی کە ئێستا کاریان لەسەر دەکرێت.

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاندووه‌، دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەو بڕیارو رێنماییانەی بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەریکردن، سوپاسی کارمەندانی تەندروستی و هێزەکانی پۆلیس، ئاسایش، پێشمەرگەکانی زێرەڤانی و یەکەی حەفتاو هەشتای سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەکات کە شەو و رۆژ لە ئەرکدان بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

بەشیر حەداد داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات تا ئەو کاتەی پێویستە و مەترسی لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە هەیە، بەردەوام بێت لە جێبەجێ کردنی ئەو بڕیار و رێنماییانەی کە ئێستا کاریان لەسەر دەکرێت، بەڵام بەشێویەک بێت کاریگەری لەسەر دابینکردنی پێداویستیەکانی رۆژانەی هاوڵاتیان نەبێت و داواش دەکات حکومەت لە خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت بداتەوە.

هه‌روه‌ها سوپاسی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات کە سەرەڕای دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆران و نەبوونی کار بۆ ئەوانەی کە بژێویان لەسەر کاری رۆژانەیە، بەڵام خۆڕا گرانە لە ماڵەکانیان ماونەتەوە و پانەندی رێنماییەکان بوون.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ده‌شڵێت، "پشت بەخوای گەورە ئەو بارودۆخە زۆری رۆشتووە و کەمی ماوە، پێویستە هەموو لایەکمان پابەندی رێنماییەکان بین و لەماڵەکانمان بمێنینەوە، بۆ ئەوەی گیانی هەموولایەک لەو ئافاتە بە دوور بێت، پێویستە هەموولایەک دوعای خێر بۆ ئەو کەسانە بکەین کە هەڵگری ئەو ڤایرۆسەن و لە نەخۆشخانەکاندان و بە زوترین کات بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و، هیواى سەلامەتیشی بۆ  دانیشتوانی هەردوو کۆمەڵگەی سێبیران و شارۆچکەی دەربەندیخان دەخوازین كه بە دور بن لەو ڤایرۆسە و کەسی دیکە توش نەبێت و گیانیان سەلامەت بێت".

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سوپاسی دەزگاکانی راگەیاندن و میدیاکاران دەکات کە رۆڵێکی ئەرێنیان گێڕاوە لە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و خستنەرووی رێنمایی و بڕیارەکانی حکومەت وگەیاندنی کێشەی هاوڵاتیان لەم باروخەدا بە حکومەت.