ئەمەریكا لەماوەی 100 رۆژدا سەد هەزار ئامێری هەناسەدانی دەستكرد دروست دەكات

تەندروستی

30/03/2020‌ 436 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند، ئەو وڵاتە بەرنامەی هەیە لەماوەی ١٠٠ رۆژدا سەد هەزار ئامێری هەناسەدانی دەستكرد بەرهەمبهێنێت.

دۆناڵد ترامپ راشیگەیاندووە، بۆ ئەوەش پیتەر ناڤاروی راوێژكاری كۆشكی سپی بۆ ڕێكخەری یاسای بەرهەمهێنانی بەرگری دەستنیشان كردووە.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا ترامپ رایگەیاند، ژمارەیەكی زیاتری ئامێری هەناسەدانی دەستكرد درووستدەكەین، بەڵێنی ئەوەشیداوە هەموو پێداویستییەكانی ئەمەریكا دابین دەكەن و هاوكاری وڵاتانی تریش دەكەن.

سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە ئەگەری زۆرە ئەمەریكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا پێویستی بە ژمارەیەكی زۆر زۆری ئامێری هەناسەدانی دەستكرد نەبێت تابتوانێت یارمەتی ئەو وڵاتانەی تر بدات، كە بەدەست ڤایرۆسەكەوە دەناڵێنن.

بەگوێرەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئیدارەی ترامپ پلانی ئەوەی هەبوو ئەم هەفتەیە پرۆژەیەكی هاوبەشی نێوان كۆمپانیای "جەنەراڵ مۆتۆرز" و "ڤینتەیج لایف سیستەمس" رابگەیەنێت بۆ بەرهەمهێنانی ٨٠ هەزار ئامێری هەناسەدانی دەستكرد، بەڵام بەهۆی زۆری خەرجییەكانییەوە، كە دەگەیشتە یەك ملیار دۆلار، بۆیە پرۆژەكە راگیرا.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی