ئامادەكاری گروپە شیعییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەكانی ئەمەریكا

لە میدیاکانەوە

30/03/2020‌ 1802 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی رۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست"ی ئیسرائیلی میلیشیا چەكدارییە شیعییەكانی عێراق لەسایەی هەڵكشانی راددەی گرژییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا كەوتوونەتە دووڕیانێكەوە.

رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، كە لەكاتێكدا ژمارەیەك لە چەكدارانی میلیشیای عەسائیبی ئەهلی حەق بەبۆنەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق ئاهەنگ دەگێڕن، لەوكاتەدا سەركردایەتی ئەمەریكا پلان بۆ چۆنێتی رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە چەكدارییانە دادەڕێژێت.

رۆژنامە ئیسرائیلییەكە باسی لەوەش كردووە، گرووپە چەكدارییەكانی لایەنگری ئێران لە عێراق، كە چەند گرووپێكی چەكدارین و لەسەر شێوەی لیوا ڕێكخراون و لەنێوان ساڵەكانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٨ لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عێراق تێكەڵكراون.

هەروەها باسی لەوەش كردووە، كە ئەوانە زۆر بەباشی پڕچەككراون و خاوەنی كۆگای چەك و تەقەمەنی و مووشەك و ئۆتۆمبیلی زرێپۆش و گولەنەبڕن.

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ئەو میلیشیا چەكدارییانە رایانگەیاندووە، ئەوان ئامادەن بەرەنگاری هێزەكانی ئەمەریكا ببنەوە لەكاتێكدا سەركردەكانی ئەو گرووپە لەترسی گورزی ئاسمانی فرۆكە بێفرۆكەوانەكانی ئەمەریكا خۆیان دەپارێزن لەوەی بەئاشكرا و لەشوێنە گشتییەكاندا دەربكەون .

ماوەیەكی زۆرە بەشێك لە سەركردەی ئەو گرووپە چەكدارییانە دەرنەكەوتوون وەك پیاوای ئاینی لوبنانی شێخ محەمەد كەوسەرانی نوێنەری حیزبوڵڵای لوبنانی لە عێراق ، قەیس خەزعەلی ڕێبەری عەسائیبی ئەهلی حەق ، كە لە مانگی مارسی ئەمساڵ واشنتۆن خستییە لیستی تیرۆرەوە.

ئۆرشەلیم پۆست ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە ئەكرەم كەعبی ڕێبەری بزووتنەوەی نوجەبا لە مانگی یەنایەری رابردووەوە چەند جارێك سەردانی تارانی كردووە بۆ ئەوەی پلان بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دابڕێژن.
 
لەماوەی رابردووشدا ئێران عەلی شەمخانی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی رەوانەی عێراق كرد بەمەبەستی هەماهەنگیكردن لەگەڵ میلیشیا چەكدارییەكان تا لە گوشارخستنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا بەردەوام بن . 

هەروەك میلیشیای حیزبوڵڵای عێراقی لەهەفتەی رابردووەوە وەك ئامادەكارییەك بۆ هەر هێرشێكی ئەمەریكا بۆسەریان راهێنانە سەربازییەكانی چڕكردووەتەوە.

بەگوێرەی شرۆڤەكانی رۆژنامەكە هەموو ئەو سەرنج و تێبینییانە وێنەی ئەوە پیشان دەدەن، كە ئەو میلیشیایانە خۆیان بۆ بەرنگاربوونەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق ئامادە دەكەن، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە بەرپرسانی ئەمەریكا و فەرماندە سەربازییەكانیان بەشێوەیەكی بەردەوام لەبارەی هێرشی گریمانكراو دژ بە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق هۆشداریان پێدەگات.

پێشتر واشنتۆن رایگەیاندبوو، هێزە سەربازییەكانی دووبارە لەعێراق رێكدخاتەوە و بەشێك لە دیبلۆماتكار و راهێنەرە سەربازییەكانیشی كێشایەوە، كە بەگوێرەی رۆژنامە ئیسرائیلییەكە ئەوە مانای ئەوە دەگەیەنێت، واشنتۆن ئامادەیی وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی هەیە.

بەپێی ئۆرشەلیم پۆست، هەرچی پەیوەستە بە میلیشیاكانەوە ئەوە هەر گرژكردنێكی دۆخەكە بە فەرمانی ئێرانییەكانە، بەشی هەرە زۆری ئەوەی ئێستا دەیكەن دەكەوێتە ناو قۆناغی بانگەشەكردنەوە تا لەلایەنی سیاسییەوە بەكاری بهێنن ، بەتایبەت كە ئەو میلیشیایانە نوێنەرایەتیان لە پەرلەماندا هەیە.

لەبەشێكی تری راپۆرتەكەی رۆژنامەكەدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە دەبێت میلیشیاكان دان بەوەدا بنێن، كە ئایا بەڕاستی ئەوان بۆ ڕووبەرووبوونەوە ئامادەن، ئایا بابەتەكە شایانی ئەوەیە دەستكەوتەكانیان لە عێراق پێ بخەنە مەترسییەوە، كە ئەمەریكا سەرەرای ئەوەی لە گرژكردنی دۆخەكە لەدژی میلیشیاكان دوودڵە، بەڵام پنتاگۆن پلانی لەناوبردنی كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراقی داڕشتووە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی