بەرپرسێکى یەکێتى: دەسەڵات بەبیانووی کۆرۆنا خۆی لە وەڵامی پرسیارە گرنگەکانی میللەت دەدزێتەوە

کوردستان

30/03/2020‌ 1437 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکى سەرکردایەتى یەکێتى رایدەگەیەنێت، دەسەڵات بەبیانوی ئەو پەتا مەترسیدارە خۆی لە وەڵامی پرسیارە گرنگەکانی ئەم  میللەتە دەدزێتەوە.

ئارێز عەبدوڵا ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى و سەرۆکى لیژنەى نەوت و غاز لە خولى پێشووى پەرلەمانى عێراق لە وتارێکدا" خۆ پاشەکەوتکردنی بەشی سێ مانگ لەو ھەموو داھات و بودجە زەبەلاحانەی ١٧ ساڵی رابردوو کارێکی زەحمەت نەبوو ئەم دەستەبژێرەی دەسەڵاتە گوێی نییە، یاخود گوێ ناگرێ. بۆیە ھەرگیز راوێژ بە پسپۆڕانی بوارە دارای و ئابورییەکان ناکا و پشت بە لێکۆڵینەوە زانستی و ستراتیژیەکانیش نا بەستێ".

ئاماژە بەوەشکردوە، لە دوای نەمانی داعش  ئەوەندەی سەفتە دۆلار  بۆ بێدەنگکردنی دەستەبژێری راگەیاندن و سیاسی و پەروەردەکردنی "زۆرنا ژەن" نیو ئەوەندەی بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی و راسپاردە و ئامۆژگاری سەنتەرە ستراتیژیەکان خەرج نەکردووە. ئەگەر پلان و ستراتیژیەتێکی باش لەناو حوکمڕانێکی باش  ھەبوایە و ھەبێ ئەوا بەڕێوەبردنی پێنج ملیۆن کەس لەو وڵاتە پڕ بە پیت و بەرەکەت و ھەمەجۆر داھاتە کارێکی گران نەبووە و نابێ.

ناوبراو باس لەوەش دەکات، سیستمی سیاسی و سیستمی حوکمڕانی و سیستمی قەزایی سەقەتە، دەشپرسێت کێ لەو ھەموو سەقەتیانە بەرپرسیارە؟ 

ئارێز عەبدوڵا دەشڵێـت"دەسەڵات بەبیانوی ئەو پەتا مەترسیدارە خۆی لە وەڵامی پرسیارە گرنگەکانی ئەم  میللەتە دەدزێتەوە، بەڵام ئەگەر سەردەمێک لەبەر قەیران دەنگ نەکرێ و سەردەمێکیش لەبەر تەخشان و پەخشان و بێ باکی دەنگ نەکرێ ئایا کەی ئەم سیستەمە سەقەتانە دەگۆڕدرێن".
س.هـ