هەمان پیلانگێڕی لە رۆژئاوا دووبارە دەبێتەوە.. ٧٣ ساڵ لەمەوبەر قازى محەمەد لە سێدارە درا

کوردستان

30/03/2020‌ 2646 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

٧٣ ساڵ لەمەوبەرو لە 30 ئازارى ساڵى ١٩٤٧ قازى محەمەد سەرۆکى کۆمارى کوردستان لەسێدارە درا، کۆمارێک کە بە پشتیوانى راستەوخۆى یەکێتى سۆڤیەت دامەزراو هاوکارى چەک و دارایى کرا، بەڵام زۆرى نەبرد هەمووشتێک پێچەوانە بۆوە.

کۆمارى کوردستان تەنیا ١١ مانگى خایاند و یەکێتى سۆڤیەت بەڕێککەوتن لەگەڵ شاى ئێران پشتی کردە کوردو کۆمارەکەى، ئەوەش بە نەمانى کۆمارەکەو لەسێدارەدانى قازى محەمەد کۆتایى  پێهات.7

قازى ساڵى ١٨٣٩ لە بنەماڵەیەکى ئاینى و خوێندەوارو کوردپەروەر لە شارى مهاباد لە دایک بووە، دواى مردنى باوکى و لە هەرەتى لاویەتیدا قازی محەمەد دەبێت بە قازى شارى مهاباد، لەگەڵ ئەوەشدا پۆستى بەڕێوەبەرایەتى رۆشنبیرى و ئەوقافى شارەکەى وەرگرتووە.

ئەو سەرکردە کوردەیە بۆ یەکەمجار دەستپێشخەرى کردو قوتابخانەیەکى کچانى لەشارەکە دامەزراندوە، هەرچەندە لە سەر ئاستى کۆمەڵایەتى و ئاینى رەخنەى زۆرى لێگیراو فشارى لەسەر دروستکرا بۆ ئەوەى ئەو قوتابخەنەیە نەکاتەوە، بەڵام ئەو پێداگیرى کرد لەسەر دروستکردنى قوتابخانەکەو دواجار بە سەدان کچ لەو قوتابخانەیە دەستیان کرد بە خوێندن، ئەوەش بەهۆى ئەوەى کە بەردەوام جەختى لەوە دەکردەوە کە دەبێت ژنانیش وەک پیاوان خوێندەوار بن.

دواى چەند ساڵێک قازى بەشدارى لە دامەزراندنى کۆمەڵەى ژیانەوەى کوردستان"ژێ کاف" کردوەو بەهۆى زیرەکی و توانایەکەیەوە توانی سەرۆکایەتى ئەو کۆمەڵەیە وەربگرێت، دواتر لەژێر رۆشنایی بیرۆکەو فکرەکانى کۆمەڵە پارتێکى کوردى بەناوى حزبى دیموکراتى کوردستان لە ساڵى ١٩٤٥ دامەزراند.

ساڵێک دواترو لە ٢٢ کانونى ساڵى ١٩٤٦ بە یارمەتى چەندین کەسایەتى و سەرکردەى کورد لەو کاتەدا کۆمارى مهابادى دامەزراندو بۆ یەکەمجار کوردى کردە خاوەن کۆمارى تایبەت بەخۆی.

هەرچەندە کۆمارەکە ١١ مانگى خایاند، بەڵام لەو ماوەیەدا قازى محەمەد چەندین کارى گرنگى کرد کە بەتەواوەتى دۆخى کوردى لەو ١١ مانگەدا لە شارى مهابادو شارەکانى ترى رۆژهەلاتى کوردستان گۆڕی و چەندین قوتابخانەى کردەوە، کچانى بردە خوێندگاکان، سوپایەکى بۆ کۆمارەکە دانا، چاپ و رۆژنامەى دامەزراند.

بەهۆى پیلانگێڕی ئێران و سۆڤیەت کۆمارەکەى لە ساڵى ١٩٤٦ روخێنراو قازى محەمەد لە ١٧ى کانوونى هەمان ساڵ خۆى رادەستى سوپاى ئەوکاتەى ئێرانکرد، بەڵام سوپا قازیان رووبەرووى دادگا کردەوەو لە ٣٠ی ئازارى ١٩٤٧ دا لە سێدارەیان دا.

لەسەر خۆرادەستکردنى قازى محەمەد بە سوپاى ئێران  سەرچاوە مێژوویەکان زانیارى جۆراو جۆریان باسکردوە کە یەکێک لەوانە ئەوەیە کە لەلایەن سەرکردەو کەسایەتى و کوردپەروەرانى ئەوکاتەوە داواى زۆر لە قازى محەمەد کرا خۆى رادەست نەکات، بەڵام ئەو سور بوو لەسەر خۆ رادەستکردنى، بیانوەکەشى ئەوە بووە کە سوپاى ئێران هێرش دەکەنە سەر شارەکان و قەتڵ و عام لەناو خەڵکى دەکەن، بۆیە پێی باشترە خۆى رادەست بکات نەک مردنى خەڵکەکەى ببینێت.

هەر بەر لە خۆ رادەستکردنى قازى یەکێتى سۆڤیەتى پێشنیازى بۆ دەکات بچێتە رووسیا تا دوور بێت لە سزاکانى ئێران، بەڵام قازى رایگەیاندوە ئەو لەکاتى تەنگانەو نەهامەتیدا گەلەکەى بەجێناهێڵێت و دەیەوێت لەسەر خاکى کوردستان و لەناو خەڵکەکەیدا گیان بسپێرێت.

سەرچاوە مێژوویەکانى کورد باس لەوە دەکەن ئەگەر یەکێتى سۆڤیەت لەوکاتە پشتى نەکردایەتە کورد، ئەوا کۆمارى مهاباد دەکەوتە سەر پێی خۆی و لە سایەیدا کورد دەگەیشتە ئامانجەکانى، بەڵام سۆڤیەت لەپێناو نەوت و چەند بەرژەوەندیەکى دیکە مەیدانى رۆژهەڵاتى کوردستانى بۆ سوپاى ئێران جێهێشت و کۆمارەکە تاقانەکەى کورد رووخا.

ئەو سەرچاوانە باس لەوەش دەکەن یەکێتى سۆڤیەت نەک هەر پشتى کردە کۆمارى مهاباد، بەڵکو چەکى پێشککەوتووى داوە بەشاى ئێران بۆ رووبەرووبوونەوەى هێزى پیشمەرگەى کۆمارەکە، بۆیە هەر ئەو هۆکارەش بووە کە  کۆمارى مهاباد بەو خێراییە کۆتایى پێ بێت.

ئێستا دواى ٧١ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر لەسێدارەدانى قازى محەمەد، دۆست و هاوپەیمانەکانى کورد هەمان سیاسەت و پیلانگێڕیان بەرامبەر کورد لە رۆژئاواى کوردستان دووبارە کردەوە، کوردیان بۆ نەیارەکانى جێهێشت، ئەوەش هەلی بۆ رەخساندن تا ئەو دەستکەوتە کەمەى کورد لەم چەند ساڵەدا بەدەستیهێناوە لەناوى بەرن.

روسیا و ئەمریکا لە رۆژئاواى کوردستان بۆ زیاتر لە ٨ ساڵ پشتگیریان لە هێزە کوردییەکان کردو سەرۆکى هەردوو وڵاتەکە چەندین جار کوردى بە هاوپەیمان و دەستى سەرەکى خۆیان ناوبردوە، بەڵام روسیا لە عەفرین و ئەمریکا لە سەرێکانى و گرێسپى رێگایان بۆ تورکیا خۆش کرد تا داگیرى بکات ئەوە بەرێککەوتن بووە لەگەڵ تورکیا.

ئێستا دواى ٧٣ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر لەسێدارەدانى قازى محەمەد و روخانى کۆمارى مهاباد، مێژوونوسانى کوردو دۆستەکانى کورد لەدەرەوە باس لەوە دەکەن هێشتا کورد وانەى لە کۆمارى مهاباد وەرنەگرتووەو بەردەوام هەڵەى پشتبەستن بە وڵاتانى زلهێز دووبارە دەکاتەوە.
س.هـ