شارپرێس:
زانایەكی دیاری ئەمەریكی هۆشداریداوە لەوەی ئەگەری هەیە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی ١٠٠ بۆ ٢٠٠ هەزار كەس لە ئەمەریكا .
دكتۆر ئەنتۆنی فاوچی گەورە شارەزای نەخۆشییە درمەكان لە پەیمانگای نیشتیمانی بۆ تەندروستی لە ئەمەریكا بە تۆڕی "سی ئێن ئێن "ی وت: ئەو پێشبینییانەی باس لە مردنی ملیۆنێك كەس یان زیاتر بەهۆی كۆرۆناوە دەكەن زیادەرەوی تێدا كراوە لەگەڵ ئەوەی ئەوەش ئەستەم نییە، بەڵام تاڕاددەیەك دوورە .
فاوچی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە مەزەندەكان بۆ ئەوە دەچن لە ئەمەریكا ملیۆنان كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببن و لەو ژمارەیەش لەنێوان ١٠٠ بۆ ٢٠٠ هەزار كەس گیانیان لەدەست بدەن.
ئەو زانایە، كە ئەندامێكی دیاری تیمی كاری دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا وتیشی: نامەوێت خەڵك ژمارەكان لەمنەوە بگوزنەوە، ئەو بابەتە بەخێرایی دەگۆرێت، بۆیە ئەگەر لەسەر هەڵەش بیت دەتوانی خەڵك چەواشە بكەیت.
سەبارەت بەوەی، كە ئایا لەماوەیەكی نزیكدا كۆتوبەندەكانی سەر كار و گەشتكردن هەڵدەگیرێت، لەوەڵمدا فاوچی وتی: ئەو بابەتە سبەی و هەفتەی داهاتوو بەدینایەت، بەڵكو چەند هەفتەیەك دەخایەنێت، تەنانەت رەنگە كەمێك لەوەش زیاتر بێت.
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی