هۆشداری لە زیادەرەویكردن لە پاككردنەوەی ماڵ بە ماددە پاككەرەوەكان دەدرێت

تەندروستی

31/03/2020‌ 545 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
دكتۆر جیهاد سەعادە پسپۆڕی نەخۆشییە درمەكان و بەرگری جەستە لەمیرنشینی شاریقەی ئیمارات دەڵێت: زیادەرەویكردن لە بەكارهێنانی ماددەكانی پاككردنەوە بۆ پاككردنەوەی ماڵ كاریگەری لاوەكی لەسەر كۆئەندامی هەناسە و هەستەوەری و رەبۆ و ژەهراویبوونی ئەندامانی خێزان دەبێت بەتایبەت لای منداڵان. 

جەختیش دەكاتەوە، كە لە دۆخە ئاساییەكان و لەكاتی نەبوونی كەرەنتینەكردنی كەسی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەوەندە بەسە ماڵەكە بە ئاو وسابوون بشۆرێت.

ئەو پسپۆرە ئیماراتییە وتیشی: پاككردنەوەی ماڵ بە ماددە پاككەرەوەكان بەشێوەیەكی بەردەوام بۆ كاتێك دەبێت، كە كەسێكی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆۆرنا هەبێت و لەماڵەوە كەرەنتینە كرابێت، یاخود لەكاتی بوونی سەردانی خێزانی و لەدوای رۆیشتنی میوانەكان .

سەعادە جەختیكردووەتەوە، پێویست ناكات بەردەوام جلەكان بشۆرێن یاخود لەدوای هەموو دەرچوونێكی كەسەكە بۆ دەرەوەی ماڵ و لەكاتی گەڕانەوەی جلەكانی بە ماددە پاككەرەوەكان پاكبكرێنەوە، بەڵكو ئەوە بۆ دۆخێكە، كە كەسی تووشبوو لەناو خێزاندا هەبێت، بەدەر لەوە دەبێت ژیانی ماڵەوە وەك جاران بەڕێبكرێت.

ئەو پسپۆڕە ئیماراتییە پێشتر پێنج جێگای دەستنیشان كردبوو، كە لەلایەن خەڵكەوە زۆر بەكاردەهێنرێن و دەبنە هۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەكان، كە ئەوانیش دەسكی دەرگا و مێزی شوێنەگشتییەكان و دەسكی عارەبانەی سوپەرماركێتەكان و دوگمەی ئەسانسۆرەكان و دوگمەی ئامێری پارەدانی ئۆتۆماتیكی ATM ، ئەوە جگە لە مۆبایلەكان ئەگەر هات و لەسەر ئەو رووە پیسبووانە دانرا ئەوە لەوكاتەدا پێویستی بە پاككردنەوە دەبێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی