لەكاتی كاركردن لەماڵەوە دەبێت رۆژانە چەند جار كیبۆردی كۆمپیوتەرەكەت پاكبكەیتەوە؟

تەندروستی

31/03/2020‌ 378 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لەئێستادا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و سەپاندنی سیستەمی كەرەنتینەكردن بەسەر هاوڵاتیاندا ملیۆنان كەس لەجیهاندا لەماڵەوە كاروبارەكانیان رایی دەكەن، بۆ زۆركەسیش شاشە و تەختەكلیلی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان بابەتێكی سەرەكی كاركردنیانە، لەبەر ئەوە دەبێت بۆ دڵنیابوون لە تووشنەبوونیان ڤایرۆسەكان بەشێوەیەكی بەردەوام گرنگی بە پاكراگرتنیان بدرێت.

لێكۆڵینەوە نوێكان دەڵێن ڤایرۆسەكان دەتوانن بۆ ماوەی سێ رۆژ لەڕووەكانی وەك پلاستیك و ئاسن و تەختەكان بمێننەوە، لەگەڵ ئەوەشدا توێژەرانی ناوەندی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكان و خۆپاراستن لێی تێبینیان كردووە ڤایرۆسەكان دوای ١٧ رۆژ  لە دابەزینی سەرنشینەكانی كەشتی "دایمۆند پرینسیس" لەسەری ماوەتەوە.

بەگوێرەی قسەی شارەزایان، ماوەی مانەوەی ڤایرۆسەكان دەكەوێتە سەر جۆری رووەكە و پلەی گەرمی بەركەوتنی خۆر پێی و جیاوازییەكانی پلەی گەرمی و ڕاددەی شێ و چەند جار پاككردنەوەی رووەكە.

بەگوێرەی پێگەی "میرۆر ئۆنلاین"، ئەگەر لەماڵەوە كار دەكەیت یاخود هێشتا دەبێت بڕۆیت بۆسەر كار، ئەوە دەبێت شوێنی كار و ئەو كەلوپەلانەی بەكاریاندەهێنیت بەتایبەت ماوس و كیبۆردی كۆمپیوتەرەكەت رۆژانە پاكبكەیتەوە، لەبەر ئەوەی ئەگەر وانەبێت ئەوە دەبێت بە ژینگەیەكی لەبار بۆ كۆبوونەوەی ڤایرۆس و میكرۆبەكان، ئەوە جگە لە شووشتنی دەستەكان بە سابوون و ئاوی گەرم بۆماوەی ٢٠ چركە لەدوای گەرانەوەت بۆ ماڵ، یاخود پژمین و كۆكە و پێش خواردن.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی