رێگەپێدانی كتووپڕ درایە كلۆرۆكوین‌و هایدرۆكسیكلۆرۆكوین

لە میدیاکانەوە

31/03/2020‌ 818 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی ئەمریكا - FDA رێگەپێدانی مەرجدار و كتووپڕ  (EUA)ی بۆ بەكارهێنانی كلۆرۆكوین و هایدرۆكسیكلۆرۆكوین بۆ چارەسەركردنی كۆڤید ۱۹ دەركرد.

ئی یوو ئەی (EUA) چییە؟
(دەسەڵاتی رێگەپێدانی كتووپڕ بۆ بەكارهێنان_ Emergency Use Authorization)  رێگە بە دامەزراوەی خۆراك دەرمانی ئەمریكی دەدات بۆ یارمەتیدانی پاراستنی تەندروستی نەتەوەیی و گشتی دژی مەترسی كیمیایی، بایۆلۆجی، تیشكی و ناوەكی (CBRN)  بە ئاسانكاریكردن و بەكارهێنانی دەرمان، ڤاكسین، بەرهەمە بایۆلۆجی و پێداویستییە پزیشكییەكان (MCMs) لەكاتی باری لەناكاوی تەندروستیی گشتی.

لەژێر رۆشنایی "بڕگەی ٥٤٦ لە یاسای فیدڕاڵی خۆراك، دەرمان و بەرهەمی جوانكاری (FD&C Act)" دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی ئەمریكا_FDA دەسەڵاتپێدراوە، كە رێگەبدات بەو بەرهەمە دەرمانسازییانەی، كە پەسەندنەكراون یان بەكارهێنانەكانیان پەسەندنەكراوە لە حاڵەتی كتووپڕ بەمەبەستی دەستنیشانكردن، چارەسەركردن و رێگریكردن لە نەخۆشیی كوشندە و مەترسیدار یان حاڵەتێكی مەترسیدار بۆ سەر تەندروستیی گشتی، ئەوەش كاتێك كە هیچ چارەسەرێكی تەواو و پەسەندكراو نەبێت.

ئەو رێگەپێدانە بە بەكارهێنانی ئەو دوو دەرمانە بۆ چارەسەركردنی نەخۆشی ڤایڕۆسی كۆرۆنای نوێ (كۆڤید۱۹) لەكاتێكدایە، كە دۆخی تەندروستی ئەمریكییەكان بەهۆی كۆرۆناوە باشنییە، ژمارەی تووشبوون بەكۆرۆنای پاندەمی لە ئەمریكا زۆر بەرزبووەتەوە، كۆی تووشبووان گەیشتووەتە ۱٥٦٫۳٥۲ كەس، لەناویاندا ۲۸٦٦ كەس مردوون، كە بەهۆییەوە تەندروستی گشتی كەوتووەتە مەترسییەوە.

ئامادەكردن: عیسا عبدالرحمان
دەرمانساز لە دامەزراوەی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان