شارپرێس:
كۆمپانیای "هواوی" چینی تەحەددای ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكاتو كاتژمێری زیرەكی نوێی خۆی بەناوی Watch GT2e دەردەكات، كە پێشبینی دەكرێت ببێتە یەكێك لە هەرە باشترین كاتژمێرە زیرەكەكان لە جیهاندا.
لاشەی كاتژمێرەكە لە ماددەیەكی دژە ژەنگ دروستكراوە، كە بەرگەی تەڕبوون و تەپوتۆز دەگرێت، هەروەك شاشەیەكی AMOLED بە قەبارە ١،٣٩ ئینچی بۆ بەكارهاتووە، كە كوالێتی خستنەرووی دەگاتە (454/454) پێكسڵە.
هەرچی پرۆسێسەری كاتژمێرەكەی ئەوە لە جۆری Kirin A1 ئاست بەرزە و یادگەیەكی ناوخۆیی چوارگێگابایتی هەیە، ئەوە جگە لە هەستەوەری پێوانی تێكرای لێدانەكانی دڵ و چالاكییە جەستەییەكانی كەسی بەكارهێنەر.
هەروەك بڵندگۆی گوێگرتن لە گۆرانی و بیستۆكی وەڵامدانەوەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی تێدایە لەگەڵ بوونی تەكنیكگەلێك، كە لەڕێگایەوە دەتوانرێت بەهۆی تۆڕەكانی Bluetooth 5.1 وە پەیوەندی لەگەڵ ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان ببەسترێت، لەگەڵ تەكنیكی GPS بۆ دیاریكردنی شوێن .
پاتری كاتژمێرەكە ٤٥٥ میلی ئەمپێرە، كە بەشی ١٤ كاتژمێر كاركردنی بەردەوام دەكات ئەگەر بێت و بۆ پەیوەندی تەلەفۆنی و گوێگرتن لە مۆسیقا بەكاربهێنرێت، ئەگەر بەشێوەیەكی رۆتینیش بەكاربهێنرێت ئەوە بەرگەی ١٤ رۆژ دەگرێت.
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی