لەئەڵمانیا كارمەندێكی بەرگری شارستانی مۆبایلەكەی بەڕووی مێركڵدا دادەخاتەوە

هەمەڕەنگ

01/04/2020‌ 1632 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەگوێرەی رۆژنامەی "نۆرد كۆریەر"ی ناوخۆیی لە ویلایەتی ماكلیمبۆرگ، دوای ئەوەی ئەنگێڵا مێركڵی راوێژكاری ئەڵمانیا بۆ دەستخۆشی كردن لە هەوڵ و ماندووبوونەكانیان پەیوەندی بەئەندرییە مۆسفیكی سەرۆكی تیمی بەرگری شارستانی هەرێمی "ڕووگن"ی ئەڵمانیا دەكات و لەپای رۆڵی كاریگەرییان لەجێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی كەرەنتینەكردنی خەڵك و ڕێگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ستایشیان دەكات و لەكاتی تەلەفۆنەكەدا خۆی دەناسێنێت، كە ئەو راوێژكاری ئەڵمانیایە، بەڵام وادیارە ئەو كەسە بڕوای بەوە نەكردووە و پێیوابووە ئەوە جۆرێكە لە پێڕابواردنی، بۆیە دەستبەجێ مۆبایلەكەی بەڕووی مێركڵدا داخستووەتەوە.

دوای ماوەیەكی كەم پەیوەندییەكی تەلەفۆنی تر لەنووسینگەی راگەیاندنی راوێژكاری ئەڵمانیاوە بۆ مۆسفیك دێت و پێیرادەگەیەنن، كە ئەو كەسەی پەیوەندی كردووە لەراستیدا خودی مێركڵ بووە و ئەو بەشێوەیەكی تایبەتی دەیەوێت لەسەر ئەو رۆڵە باشەی تیمەكەتان گێراویەتی سوپاستان بكات. 

دواتر جارێكی تر مێركڵ پەیوەندی بە سەرۆكی تیمی بەرگری شارستانی ئەو هەرێمەوە دەكاتەوە، بەڵام ئەمجارە هەموو تیمەكە لەدەوری مۆبایلەكە كۆدەبنەوە بۆ ئەوەی گوێ لە مێركڵ بگرن، كە تێیدا سوپاسیان دەكات لەو هەوڵ و ماندووبوونەی لە بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنادا دەیگێڕن.

هەرێمی رووگن یەكێكە لە جوانترین ناوچە گەشتیارییەكانی ئەڵمانیا و گەورەترین دورگەی ئەو وڵاتەشە، كە دەكەوێتە سەر دەریای بەڵتیك، ساڵانە خەڵكێكی زۆر بەمەبەستی گەشتیاری و بینینی دیمەنە سەرنجراكێشەكانی ئەوە جگە لە بوونی ژێرخانی تەندروستی بۆ چارەسەری سرووشتی سەردانی دەكەن.

ڕێكخراوی یونیسكۆ ناوچەكەی وەك میراتێكی مرۆیی جیهانی ناساندووەو بەو هۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆر لەخەڵكی سەردانی دەكەن.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی