بۆ چارەسەری كێشەكانی عێراق پێشنیاز دەكرێت بەشێك لەدەسەڵاتەكان بدرێن بەسەرۆك كۆمار

عیراق

01/04/2020‌ 911 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
جەمال كەربوولی سەرۆكی "پارتی حەل"ی عێراقی دەڵێت: ئازادكردنی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە دەسەڵاتە تەشریفاتییەكان و پێدانی بەشێك لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن پێی سەرەتای چارەسەركردنی بەشێك لەكێشەكانی عێراقە.

ئەو دەشڵێت: ئەو چارەسەرە دەبێتە هۆی راگرتنی زنجیرەیەك ناكۆكی سیاسی لەبن نەهاتوو.

كەربوولی لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: بەگوێرەی دەستووری عێراق سەرۆك كۆمار لەگەڵ سەرۆك وەزیراندا هاوبەشی یەكەمی دەسەڵاتی جێبەجێكردنن.

هەروەها نووسیویەتی: بوونی حكوومەتێكی پەككەوتوو دەرفەتێكی نموونەییە بۆ گێرانەوەی دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن بۆ جێگای درووستی خۆی.

سەرۆكی پارتی حەل ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە هاوشێوەی كۆماری فەرەنسا دەبێت سەرۆك كۆماری عێراقیش بەهاوبەشی لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردنیان لەدەستدابێت.

بە قسەی ئەو سیاسییە عێراقییە ئازادكردنی سەرۆك كۆمار لەو ئەركە تەشریفاتییانە سەرەتای چارەسەركردنی كێشە درێژخایەنەكانی عێراق و وەستانی زنجیرەی ئەو ناكۆكییە سیاسیانەیە كە كۆتاییان نایەت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی