كۆی گشتی چاكبوونەوەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێم گەیشتووە بە 61 كەس

کوردستان

01/04/2020‌ 519 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
13 تووشبووی دیكە بەڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ  (COVID-19)  لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی لە هەرێمی كوردستان چاكبوونەوەو كۆی گشتی چاكبوونەوەكانیش گەیشتووە بە 61 كەس.

سەباح هەورامی بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، حاڵەتێكی دیكەی تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری سلێمانی چاكبووەوە و دەگەرێتەوە ماڵەوە.

سەباح هەورامی راشیگەیاند، بەوەش كۆی گشتی ئەوانەی دوای تووشبوونیان بەكۆرۆنا لە شاری سلێمانی چاكبوونەتەوە، گەیشتە ٥١ كەس.

هاوكات بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر چاكبوونەوەی سێ تووشبوونی دیكەی ڤایرۆسی كۆرۆنای لە شاری هەولێر راگەیاند.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ئاماژەی بەوەشكرد، كۆی گشتی ئەوانەی دوای تووشبوونیان بە كۆرۆنا لەشاری هەولێر چاكبوونەتەوە، گەیشتە ١٠ كەس.

بەپێی داتاكانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان، كۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)  لە هەرێمی كوردستان لە ئێستادا ١٦٢ تووشبووە، كە لەنێویاندا دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان هەیە و ٦١ نەخۆش چاكبووەتەوە و ئەوانەی دیكە هەموویان لەژێر چاودێری پزیشكییدان.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رێگرییكردن لە بڵابوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا، زنجیرەیەك رێكاری گرتووەتەبەر لەوانە قەدەغەكردنی هاتوچۆ، راگەیاندنی پشوو لە ناوەندەكانی خوێندن، داخستنی مزگەوت و شوێنە گشتییەكانی وەك پارك، مۆڵ، قاوەخانە و سینەماكان و چەند شوێنێكی دیكە، هەروەها وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەكان و داخستنی دەروازە سنوورییەكان.