گاز پڕۆم داواكارییەكی هەرێم بۆ كەمكردنەوەی خەرجی پەرەپێدانی كێڵگەكان رەتدەكاتەوە

کوردستان

02/04/2020‌ 1386 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
كۆمپانیای گازپرۆم نەفتی روسی، كە باڵی نەوتی كۆمپانیای زەبەلاحی گازپرۆمە بۆ غاز رایگەیاندووە، كە ئەوان داوكارییەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان بۆ كەمكردنەوەی وەبەرهێنانەكانیان لەكێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان رەتكردووەتەوە .

ئاژانسی رۆیتەرز لەهەوڵێكدا بڵاویكردەوە، كە دوای دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتان داوایان لە كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت كردووە بەرهەمهێنانیان كەمبكەنەوە، لەبەر ئەوەی بەپێی گرێبەستەكانی نێوانیان بەشێك لەپابەندی داراییان دەكەوێتەسەر.

كۆمپانیای گاز پرۆم نەفت راشیگەیاندووە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لەكۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت كردووە، لەوانە كۆمپانیای گاز پرۆم نەفت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، كە خەرجی پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكان كەمبكەنەوە، بەڵام كۆمپانیاكە رەتیكردووەتەوە خەرجییەكانی وەبەرهێنانی لە كێڵگەی سەرقەڵا لە هەرێمی كوردستان كەمبكاتەوە.

كۆمپانیاكە باسی لەوەش كردووە، كە لەسەرەتاوە ڕێكەوتن لەگەڵ هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەكاندا كراوە، لەراستیدا ئەوەی هەیە لە ئاستی پێویست كەمترە، بەجۆرێك گاز پرۆم نەفت ٤٠٪ی پشكی بلۆكی گەرمیانی هەیە، كە كێڵگەی سەرقەڵای تێدایە، هەروەك پشكی ٨٠٪ی بلۆكی هەڵبجە و شەنگالی هەیە.

پێشتریش سەرچاوەكان باسیان لەوە كردبوو، كە حكومەتی عێراق داوای لە هەموو كۆمپانیاكان كردبوو، كە بەڕێژەی ٣٠٪ خەرجییەكانی پەرەپێدانی كێڵگەكان كەمبكەنەوە لەبەر ئەوەی دابەزینی نرخی نەوت كاریگەری هەبووە لەسەر داهاتی حكومی، بەڵام كۆمپانیای گاز پرۆم، كە لە كێڵگەی بەدرە كار دەكات رەتیكردووەتەوە داواكارییەكەی لەو جۆرەیان بەدەست گەیشتبێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی