پەرلەمانتارێک: هێشتا بابەتی کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران باس نەکراوە

عیراق

02/04/2020‌ 417 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت کە لە کۆبوونەوە حکوومییەکاندا هێشتا بابەتی کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران باس نەکراوە .

لەوبارەیەوە شێروان میرزا ئەندامی لیژنەکە لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە، هێشتا هیچ بڕیارێک لەبارەی کرمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن حکومەتی عێراق و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران یان وەزارەتی دارایی نەدراوە

لەبەشێکی تری لێدوانەکەیدا میرزا دەشڵێت، رەنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتدا ، حکومەتی عێراق پەنا بەرێتە بەر یەدەگی بانکی ناوەندی".

بەهۆی هەرەسهێنانی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دۆخێکی دارایی قورسی لە عێراقدا درووست کردووە بەشێوەیەک هەندێک لە بەرپرسانی حکوومی ئاماژەیان بۆ ئەوە دەکرد کە داهاتی فرۆشتنی نەوت بەشی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران ناکات بۆیە وەک یەکێک لە بژاردەکان رەنگە حکوومەت پەنا بۆ کەمکردنەوەی مووجەی فەرمانبەران بەرێت .

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە دابینکردنی داهات بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتەکانی فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، بەجۆرێک لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ بەڕیژەی ٩٥٪ لەسەر بنەمای فرۆشتنی نەوت هەژمار کراوە کە تێیدا نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٥٣ دۆلار دانراوە لەکاتێکدا ئێستا نرخی نەوتی ئۆپیک بۆ خوار بیست دۆلار دابەزیوە.

وەرگێڕان : ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی