پۆتن: هەموو وڵاتان لە سەقامگیری دوورمەودای بازاڕی نەوت سوودمەند دەبن

جیهان

03/04/2020‌ 763 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڤلادیمێر پۆتنی سەرۆکی روسیا لەلێدوانێکیدا لەبارەی نەرخی نەوت و هەوڵەکانیان لەگەڵ لایەنەکانی تر بۆ جێگریکردنی بازاڕی نەوت لە جیهانداو ململانێکانی نێوان رووسیا وسعوودیە سەرنجەکانی خۆی خستۆتەڕوو . 

لەوبارەیەوە پۆتن گوتویەتی " لەبارەی بازاڕی نەوتەوە ئامادەین لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کار بکەین ، قسەشم لەگەڵ ترامپ کردووە ، ئێمە هەموومان لەبارەی بازاڕی نەوت نیگەرانین ". 

لەبارەی کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی رۆژی دووشەممەی ڕێکخراوی "ئۆپیک پڵەس" پۆتن گوتویەتی " رەنگە لەو کۆبوونەوەیەدا قسە لەبارەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بکرێت بە بڕی ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە یان بڕێک زۆرتر یان کەمتر ". 

هەروەک لەبارەی چالاکییەکانی سعوودیە لە بازاڕی نەوتی جیهانیدا پۆتن ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە پێدەچێت سعودیە بیەوێت لەو ڕکابەرانە رزگاری ببێت کە نەوتی بەردین دەردەهێنن کەلەوەدا تاڕادیەک سەرکەوتوو بووە بەڵام رووسیا پێویستی بەو ململانێیە نییە . 

لەبەشێکی تری قسەکانیدا سەرۆکی رووسیا گوتویەتی کشانەوەی سعودیە لە ڕێکەوتنی ئۆپیک پڵەس و زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت یەکێک لە هۆکارەکانی هەرەسهێنانی نرخی نەوت بوو . 

رۆژی پێنجشەممە ، سعوودیە داوای لە وڵاتانی ناو ڕێکخراوی هەناردەکارانی نەوت (ئۆپیک ) کرد و وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانی تری نەوتی دەرەوەی ڕێکخراوەکە کرد کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ڕێکبخەن بەمەبەستی گەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ گێرانەوەی هاوسەنگی بۆ بازاڕی نەوتی جیهانی . 

سەرچاوەیەکی ئاگاداریش باسی لەوە کردووە کە کۆبوونەوەی "ئۆپیک پڵەس" لە ٦ ی نیسان بەڕێوەدەچێت بۆ باسکردن لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.