بارزانی: دژی ڕیشەكێشكردنی بەعسم‌و دەسەڵاتم هەبێت هەڵیدەوەشێنمەوە

ڕاپۆرت

04/04/2020‌ 3572 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەقی چاوپێكەوتنی كەناڵی ئاسمانی (MBC) لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لەبارەی چەند پرسێكەوە قسەی كرد، بەتایبەتی پرسە مێژوییەكان.

ئێم بی سی: چۆن پێت خۆشە ناوت بێنن؟
مەسعود بارزانی: كاكە مەسعود

ئێم بی سی: بۆچی؟
مەسعود بارزانی: وشەی كاكەم پێ خۆشە، گەلی كوردی هەر بەو ناوەوە بانگم دەكەن.

ئێم بی سی: دەكرێت پێت بڵێن مام مەسعود یان هێشتا گەنجی؟
مەسعود بارزانی: نەخێر پرسەكە ئەوە نییە، بەڵكو ئەوەیە وشەی كاكە بە ناوەكەمەوە نووساوە.

ئێم بی سی: جوگرافیا ستەمی لێكردوون؟ 
مەسعود بارزانی: بێگومان ستەمێكی گەورەی لێكردووین.

ئێم بی سی: ئەوەی ستەمی لێكرابێت، لەوە دەترسێت ئەویش ستەم لەخەڵك بكات؟
مەسعود بارزانی: ئەوەی ستەملێكراو بێت و ستەمیش لەخەڵك بكات، شایستەی‌ ئەوەیە ستەمی زیاتری لێبكرێت.

ئێم بی سی: دەگمەن وایە بە جلوبەرگێكی غەیرە كوردییە بتبینین، بۆچی؟ 
مەسعود بارزانی: ئەمە جلوبەرگی پێشمەرگەیە، پێشم وایە ئەگەر ئەو بەرگە نەپۆشم لێكدانەوەی دیكەی بۆ دەكرێت، لەوانەشە كاریگەری هەبێت بۆ سەر پێشمەرگە.

ئێم بی سی: بەكامیان ئادەسوودە تری؛ ژیانی كۆشك یان ژیانی شاخ؟
مەسعود بارزانی: ژیانی شاخ.

ئێم بی سی: ژیانی شاخ ماندووكەرە؟
مەسعود بارزانی: بۆ من خۆشترە و چێژبەخشترە.

ئێم بی سی: دەنگی گولە بۆ تۆ چی دەگەیەنێت؟
مەسعود بارزانی: مۆسیقایە.

ئێم بی سی: چی لە براەی عەبدولكەریم قاسمەوە دەڵێیت؟
مەسعود بارزانی: عەبدولكەریم قاسم ڕێگەی بە باوكمدا بگەڕێتەوە عێراق، شیخ ئەحمەدی مامم، كە لە بەندیخانە بوو، بە لە سیدارەدان حوكم درابوو، لە بەندیخانە ئازادكرا، ڕێگەشیان بە خێزانەكانماندا بگەڕێنەوە ناوچەی بارزان، گرنگترین شتێك كە عەبدولكەریم قاسم كردی ئەوە بوو كە لە دەستوری كاتی عێراقدا نووسرا كە (عەرەب و كورد هاوبەشن لەم نیشتمانەدا)، بۆ ئەو كاتە ئەم بڕگەیە زۆر بوو، گەورەترین هەڵەی عەبدولكەریم قاسم ئەوە بوو، كە كاریگەری دەووربەری كەوتەسەر،‌ دەوروبەرەكەشی پۆخەڵ بوون، خەڵكیان تێدا بوو لە لوتكەی شۆفێنزمی دابوون.

ئێم بی سی: نەتەوە پەرستەكان بوون؟
مەسعود بارزانی: نەتەوە پەرستەكان و خەڵكی دیكەش بوون، ئەوان پاڵیان بە قاسمەوە نا، لەگەڵ هەموو پشتیوان و لایەنگرانی بكەوێتە ململانێوە، وەك ئەوەی لەگەڵ كوردەكان و تایبەتریش لەگەڵ بارزانییەكان كەوتە ململانێوە، قاسمیان پاڵنا بەرەو خاڵێك كە ئیدی نەیدەتوانی پاشەكشەی لێ بكات، وایان كرد گومان لە باوكم بكات، بەوەی ئەو دەبێتە سەرۆك و جێگەی قاسم دەگرێتەوە، شتی خەیاڵیان خستییە ئەقڵییەوە، بەمەش كاریگەری دەووروبەری كەوتەسە‌ر و لە كۆتایشدا ڕەفتاری نائەقڵانی ئەنجامدان، لەگەڵ ئەوەشدا من دەڵم نەدەبوو لەگەل عەبدولكەریم قاسمدا بەریەككەوتباین، دەبوو بە هەر شێوەیەك لە شێوەكان با، خۆیان لەو بەریەككەوتنە پارستبایه، بەڵام ڕوویدا و بەریەككەوتین.

ئێم بی سی: بۆ یەكەمجار مەسعود بارزانی لە شۆرشی ئەیلول لە مەیدانی جەنگ شەڕی كرد، لە كاتێكدا دیمەنی جەنگ بۆ گەنجێكی وەك تۆدا باو نەبوو؟ 
مەسعود بارزانی: كاتێك لە 11 ئەیلول 1961 شۆڕشی ئەیلول بەرپابوو، ئەو كاتە بوو كە هێزی ئاسمانی عێراقی هێرشی چڕوپڕی كردنەسەر هەموو ناچەوەكانی كوردستان، لە 16 ئەیلول لە ناوچەیەكی باكوری گوندی بارزان بووین لە شاخی شیرین، من لە ڕەشماڵێكدا بووم،  تووشی بۆردومانی فڕۆكەكانی مێكی عێراق بووین، من لە 20/5/1962 چوومە ڕیزەكانی شۆڕشەوە، چەكم كردەشان و تا ئێستشا بەردەوامم.

ئێم بی سی: بۆچی دەڵێیت كە شۆرشی ئەیلول لە مەزنترین شۆڕشەكانی كوردە و بگرە مەزنترینیانە؟  
مەسعود بارزانی: چونكە ڕاپەرین و شۆڕشەكانی پێشوو ناوچەگەری بوون، لە ناوچەیەكی دیاریكراو و بۆ ماوەیەكی دیاری كراو (كە جاری وایە زۆر كورت بوو و ساڵێك یان چەند مانگێكیان نەدەخایاند) هەڵدەگیرسان، بەڵام شۆرشی ئەیلول بەردەوام بوو، جەنگاوەری هەموو بەشەكانی كوردستانی تێدا بوو، ژنان خشل و ئاڵتونی خۆیان دەبەخشییە شۆڕشەكە، شەڕی زۆر قورسی یەكلاییكەرەوە لەو شۆڕشەدا ڕوویاندا، كە لە هەموو ڕووداوەكانی دیكە زیاتر لە یادەوەری مندا ماونەوە، وەك شەڕێ زاویتە كە لە 12/12/1961 ڕویدا، شەڕەكە وەرچەرخانێكی مێژووی بوو، هەروەها شەری هەندرێن، شەڕی حەوزی ڕەواندوز ، شەری شاخی مەتین، شەڕەكانی ساڵی 1963 كە سەختترین ساڵ بوو بۆ شۆڕشی ئەیلول كە ئەو ساڵە نەفیری گشتی دژی كورد ڕاگەیەندرا و توركیا و ئێران و سوریاش بەشداریان تێدا كرد، سورییەكانیش دوو لیوای سوپای خۆیان نارد بۆ پشتیوانی حكومەتی عێراق و جەنگیان لە دژ هەڵگیرساندین، بەڵام دۆڕانێكی خراپ دۆڕان، ئەفسەری هەماهەنگار بوو لە نێوان سوپای توركیا و سوریا و عیڕاق و ئێران، هەماهەنگی تەواو لە نێوان ئەو چوار دەوڵەتەدا هەبوو، گەمارۆ درابووین، بەڵام سوپاس بۆ خودا سەركەوتوو بووین.

ئێم بی سی: ئایا هیچ كام لە دەوڵەتە عەرەبیەكان پشتیوانی ئێوە بوون؟ 
مەسعود بارزانی: زۆریان بە دڵ لەگەڵمان بوون، بەڵام بە ئاشكرای هیچیان پشتیوانیان نەكردین، تەنها ئەو كاتە نەبێت كە ناكۆكی لە نێوان بەعسی عێراق و جەمال عەبدولناسر پەیدا بوو، ئەو كات محەمەد حەسەنێن هەیكەل دەستیكرد بە ووتار نووسین لە ڕۆژنامەكانی میسر و پشتیوانی شۆڕشەكەمانی كرد.

ئێم بی سی: ئایا عەبدولناسڕ جگە لە بواری میدیایی، لە ڕووی دیكەوە وەك بواری ماددی و بە چەك هیچ یارمەتییەكی دان؟
مەسعود بارزانی: نەخێر بە هیچ شێوەیەك، تەنها یارمەتی مەعنەوەی بوو.

ئێم بی سی: ئەو پاڵپشتییە مەعنەوییە كاریگەر بوو؟ 
مەسعود بارزانی: تاڕادەیەك بەڵێ، بەڵام لە ڕووی مەیدانییەوە نەخێر.

ئێم بی سی: ئەو كات سعودییەكان هەڵوێستیان چۆن بوو بەرامبەرتان و چیان دەگوت؟
 مەسعود بارزانی: بیرم نایە بۆ تاكە ڕۆژێكیش سعودییەكان دژمان بووبن، هەندێك لە دەوڵەتە عەرەبیەكان پشتیوانی دەوڵەتی عێراق بوون و چەپڵەیان بۆ بەناو سەركەوتنەكانی حكومەتی عێراق دژ بە شۆرش لێدەدا، بروسكەی پشتیوانیان بۆ دەنارد، بەڵام سعودییەكان شتی وایان نەكرد.

ئێم بی سی: چ لە بارەی دانوستانەكانی نێوان خۆتان و بەغدا دەڵێن؟
مەسعود بارزانی: دانوستانی نیوان حكومەتی عێراق و شۆڕش لە كۆتای ساڵی 1969 دەستی پێكرد، بەعس بۆ جاری دووەم لە تەمموزی ساڵی 1968 دەسەڵاتی گرتەوە دەست، ئەو كات خوالێخۆش بوو عەبدولڕەحمان عارف سەرۆك كۆمار بوو، بەعسییەكان لێی هەڵگەڕانەوە و لە كاریانخست و دەسەڵاتییان گرتەدەست، ئەوانیش خۆیان تاقی كردەوە و وویستیان بە هێزی سەربازی شۆڕشی ئەیلول لەناوبەرن.

ئێم بی سی: ئەوە پێش دانوستانەكان بوو؟
مەسعود بارزانی : بەڵێ، لە كۆتایی 1968 هەڵمەتێكی سەربازی زۆر بەرفراوانیان دژ بە كوردستان دەستپێكرد، بە هەموو توانستێكی سەربازییانەوە، بە هەموو ئەو چەتە جۆراوجۆرانەش كە لەگەڵیان بوون، سەرەتا تا نزیكەی مانگی 9 ی 1969 ، هەندێك سەركەوتنیان بەدەستهێنا، دواتر هێزەكانی شۆڕش هێرشێكی سەراپاگیریان دژ بە هێزەكانی حكومەتی عێراق دەستپێكرد و سەركەوتنی زۆر بەرچاویان بەدەستهێنا، هێزە سەربازییەكانیان و چەتەكانیان تووشی دۆڕانێك بوون كە له ژیانیاندا تووشی نەهاتبوون، بۆیە ڕ‌ژێمی عێراق گەشتە ئەو باوەڕەی كە ئەگەر لەگەڵ سەركرداەتی كورد ڕێكنەكەوێت، ناتوانن لە فەرمانڕەوایی عێراقدا بمێننەوە، بۆیە ئەو كات حكومەتی عێراق (عەزیز شەرف) یان كردە نێوانبەری خۆیان لەگەڵ شۆڕش كە كەسایەتییەكی ناسراو بوو، ئەو یەكەمجار هات بۆ لامان، نیازی حكومەتی عێراقی بۆ ئاشكرا كردین كە ئارەزوویانە دانوستانیان لەگەڵ بكەین، سەركردایەتی شۆرشیش ڕازی بووە دووبارە دانوستانیان لەگەڵ دەستپێ بكاتەوە، دوای گەڕانەوەی عەزیز شەریف، شاندێكی دیكەیان ڕەوانە نەكرد، بەو شێوەیە شاندەكانی هەردوولامان لە هاتووچۆ دابوون، تا  دانوستانەكان گەیشتنە  قۆناغێكی پێشكەوتوو، تێبینی ئەوەشمان كرد كە ئەوان لێبڕاوانە دانوستان دەكەن و بە ڕاستییانە و گەرەكییانە لێكتێگەیشتنێك لە نێوانماندا بێتەكایەوە، ئەو كات شاندەكەی ئێمە لە بەغدا بوو – ئەو كات شاندێكی ئەوان دەهاتە كوردستان، دوای یەك دوو ڕۆژی دیكە ئێمەش شاندێكمان دەناردە بەغدا- لەو كاتەدا كە شاندەكەمان لە بەغدا بوو، بروسكەیەكمان لە حامیەی ڕەواندووزەوە پێگەیشت كە شاندێكی گەورەی بەغدا فڵان كاتژمێر دەگاتە كوردستان و   ئومێدەوارین پێشوازییان بكەن، خاڵێكی دیاریكراو هەبوو بۆ پێشوازیكردنیان لە نێوان ئێمە و سوپای عێراقدا لە ناوچەی باڵەك لە باكوری ڕەواندوز، لە ناوچەی باڵەك لە گەڵاڵە كە بارەگای سەركردایەتی شۆرشی لێ بوو، من چووم بۆ پێشوازیكردنیان، چونكە زۆرینەی شاندەكەمان ئەو كات لە بەغدا بوون، ئەوە یەكەمجار بوو من سەدام ببینم كە لەگەڵ فوئاد عارفی كەسایەتی ناسراوی كورد هاتبوو،  سەعدون غێدان و عزەت مستەفای وەزیری تەندروستی لەگەڵ بوون، پەیوەندیم بە باوكمەوە كرد و ووتم فڵان شاند هاتووە، باوكیشم دواتر هات و ئەو شەوەش‌ سەدام لای ئێمە مایەوە، ئەو سەدامەی ئەو كات بینیم تەواو جیاواز بوو لەو سەدامەی دوای ڕاپەرین لە نەوەدەكان بینیم.

ئێم بی سی: جیاوازییەكە چی بوو؟
مەسعود بارزانی: سەرەتا خاكەڕا و هەڵەپەكار ڕاشكاو و بە ئەدەب بوو، لەگەڵ هاورێ و هاوەڵەكانی بە ئەدەب و خاكەڕا بوو، كە لە ساڵی 1991 بینیمەوە، تەنانەت وەزیرەكانی تەنیشتی خۆشی یەك قسەیان نەدەكرد، مەگەر خۆی پرسیاری لێكردبان، تەنانەت نەشدەجوڵان، دیمەنێكی تەواو جیاواز بوو.

ئێم بی سی: ئەو كات كە سەدام جێگری ئەحمەد حەسەن بەكر بوو، هەڵوێستی بەرامبەر پرسی كورد چی بوو؟
مەسعود بارزانی: پێم وایە ڕۆڵی هەبوو لەگەیشتن بە ڕێككەوتننامەی 11 ی ئازار، كەسێكی هەڵپەركار و بوێر بوو.

ئێم بی سی: باوەڕی بە مافی كورد هەبوو لە ئۆتۆنۆمی؟
مەسعود بارزانی: پێم وا نییە باوەڕی بە مافی كورد هەبووبێت، بەڵام پێم وایە باوەڕی وابوو كە ئەگەر لەگەڵ كوردەكان نەگەنە ڕێككەوتنێك، خۆیی و حزبەكەی كۆتاییان پێ دێت، بۆیە بە پەلە بوو بۆ ڕێككەوتنێك، پاڵنەرەكەش پەرۆشی سەدام بوو بۆ دۆخی خۆیان، ئەگەرنا، بۆچی لە دوای 4 ساڵ هەڵگەڕایەوە؟ ڕێككەوتننامەكە بڕگەیەكی تێدا بوو كە پێم وایە هەڵە بوو، دەبوو پرسی كەركوك لە سەرەتاوە یەكلایی كرابایەوە، بڕگەكە‌ دەیگوت: لە دوای 4 ساڵ لە ڕێككەوتنەكه،‌ ڕاپرسییەك لە كەركوك و ناوچەی كەش دەكرێت و چارەسەری پرسی كەركوك و ئەو ناوچانەش دەكرێت، دەبوو لە سەرەتاوە ئەوە یەكلایی كرابایەوە، لە ڕاستیدا ئەمە ئەو‌ هەڵە بوو كە كردمان.

ئێم بی سی: سەبارەت بە هەوڵی تیرۆركردنی بارزانی چی دەڵێیت؟
مەسعود بارزانی: من له شوێنەكە بووم، كتومت لە شوێنی تەقینەوەكە نەبووم، بەڵام دوای خولەكێك گەیشتمە شوێنەكە، حكومەت شاندێكی زانایانی ئاینی لە شیعە و سونە ناردبوو بۆ لامان، تاوەكو نێوانگیری بكەن لەو كیشانەی لە نێوان حكومەت و شۆرشدا هەبوون، لە نێویاندا، كەسێك هەبوو ناوی ئیبراهیم خوزاعی بوو، ئامرێكی تۆماركردنی پێ بوو، پێم وابی نەیدەزانی كە بۆمبڕێژكراوە، باوەڕم وایە جگە لە دوو كەسیان نەبێت، هیچ كام لە شاندەكە نەیاندەزانی هەوڵێكی تیرۆركردن لە ئارادایە، ئەوانیش شۆفێرەكان بوون كە ڕیمۆت كۆنتڕۆڵیان پێ بوو، ئامێری تۆماركردنەكە لای ئیبڕاهیم خوزاعی بوو، هەر دوای‌ گەیشتنی بۆ‌ ناو هۆڵەكە كە پێم وایە خولەكێك یان دوو خولەك بوو، یەكێك لە شۆفێرەكان ئیبڕاهیم خوزاعی تەقاندووە، پێم وایە بۆمب بوو، خودا ڕەحمی كرد و ڕووداوەكە موعجیزە بوو، مەلا مستەفا بە سوكی بریندار بوو، دواتر تۆمەتەكەیان دایە پاڵ كەسێكی دیكە، بەڵام ڕاستییەكەی كردەوە تیرۆرییەكە ئاراستەكراو بوو، چاودێر و پلانداڕێژەرەكە خودی سەدام حوسێن بوو.

ئێم بی سی: دوای ئەو ڕووداوە هەموو دانوستانەكان شكستیانهێنا؟
مەسعود بارزانی: بەڵێ متمانە بە تەواوی هەرەسیهێنا.

ئێم بی سی: ئایا سەدام پێی گوتن كە كەركوك مافی كوردانە؟
مەسعود بارزانی: بەڵێ ئەو بە دەق بە خۆمی گوت كە كەركوك شارێكی كوردییە، بەڵام بنكەیەكی ئابوورییە بۆ دامەزراندنی دەوڵەت، لەبەر ئەوە ناتوانین بە بەوە ڕازیبین. 

 ئێم بی سی: دوای هەرە‌سهێنانی شۆڕشی ئەیلول  مەسعود بارزانی بووە كەسێك دیار و بەرچاو، بووە كەسێك كە هەڕەشە لە حكومەتی عێراق دەكات، بۆیە هەوڵیاندا لە ڤیەنا تیرۆرت بكەن، لەو بارەوە چی دەڵێیت؟

مەسعود بارزانی: ڕووداوەكە لە 8/1/1979 لە ڤیەنا‌ ڕوویدا، من لە واشنتۆنەوە دەهاتمەوە كە لەوی لەگەڵ باوكم بووم، ئامانجی گەشتەكەشم ئەوە بوو لە ڤیەناوە بچمە پاریس و چاوم بە ئیمام خومەینی بكەوێت، بێگومان شای ئێران لە پشتەوە خەنجەری لێداین و ناپاكی لەگەڵ كردین، بۆیە من دڵگەرم بووم بۆ هاریكاریكردنی هەركەسێك بیەوێت كار لە دژی شا بكات، پێش ئەوەی بگەمە پاریس تووشی هەوڵێكی تیرۆركردنم بووم و خودا ڕزگاری كردین.

ئێم بی سی: هەوڵەكە چۆن بوو؟
مەسعود بارزانی: لە ڤیەنا سەردانی یەكێك لە هاوڕێكانمان كرد لە ماڵی خۆی، ئەو لە باڵاخانەیەكدا ماڵێكی هەبوو، ئامانجەكەش‌ ئەوە بوو من لەو ماڵە كەسێك ببینم، من دەمزانی ئەو كەسەی سەردانی دەكەم پەیوەندی لەگەڵ ڕژێم هەیە، بەڵام پێم وابوو زیاتر دۆستایەتییەكەی بەلای ئێمەدایە، من پرسیارێكم هەبوو، پێم وابوو ئەو كەسەی دەچینە لای ووڵامەكەی لایە، جگە لە من و ئەو كەسە، هیچ كەسێكی دیكە نەیدەزانی دەچینە ئەو شوێنە، هەتا ئەوانەی لەگەڵم بوون لە ڕێگادا پێم گوتن دەچینە فڵان شوێن، ئەو كەسەی چووینە لای پەیوەندی بە كەسێكی دیكەوە كرد كە بێتە لامان، تا كەسەكە هات نیو كاتژمێری پێچوو، پرسیارەكەم لێكرد، ئەو سوێندی خوارد كە هیچ لەوبارەوە نازانێت، ووتم باشە با بڕۆین، كە هەستام بڕۆم، كەسەكە ووتی بە گۆڕی شێخ ئەحمەد بە خودای گەروە ناڕۆیت، ووتم چ باسە، وتی نابێت بڕۆیت، ئەوانەی لەگەڵم بوون گوتیان ئێمە دەچینە خوارەوە بزانین چ باسە، هەر كە چوونە خوارەوە تەقەیان لێكردن، دیار بوو دەیزانی كە كردەوەیەكی تیرۆركردنی من هەیە، بەڵام لە دوا ساتدا ویژدانی بەخەبەر هات، ئەوان تەقەیان لە ئازاد بەرواری كرد كە بە من دەچوو، تەقەیان لە دكتۆر پیرۆت – یش كر، ئەوان هەردووكیان برینداربوون.

ئێم بی سی: تۆ دەڵێیت كە یاسر عەرەفات- یش لەو پرسەدا خاوەن چاكە ‌بوو، ڕۆڵی ئەو چی بوو لەم پرسەدا؟
مەسعود بارزانی : من پاسپۆرتێكم هەبوو بەسەرچوو بوو، بڕیار بوو كە بچمە پاریس بە جۆریك لە جۆرەكان پاسپۆرتێكی دیكە دەرێنم، سەردانەكە بۆ پاریس هەڵوەشایەوە و نەكرا، ناچار چوومە شوێنێكی دیكە، ڕاستییەكەی ‌چوومە قوبڕس، یاسر عەرە‌‌فات پاسپۆرتێكی بۆ ناردم بۆ ڤیەنا، شوێنێكی باشی بۆ دابین كردم لە قوبڕس‌، منیش بەو پاسپۆرتەی عەرەفات كە ناردی بۆ ڤیەنا، چوومە قوبڕس، لە قوبڕس– یش پاسەوان و شوێنێكی بۆ دابین كردم.

ئێم بی سی: پاڵنەری عەرە‌فات چی بوو كە ئەو خزمەتانەی كردی؟
مەسعود بارزانی: پەیوەندییەكی مرۆیی دێرینمان هەبوو، دوای ئەوەش شای ئێران ڕایكرد، بە نێوانگیری عەرەفات گەڕامەوە تاران، لەوی خومەینی- م بینی.

ئێم بی سی:  ڕووداوی تیرۆرەكە شتێكی سەیری تێدا بوو، چی بوو؟
مەسعود بارزانی: بەڵێ وابوو؛ دوای دوو ڕۆژ لە هەوڵە تیرۆرییەكە، ڤیەنامان بەرەو قوبڕس بەجێهێشت، نەمساوییەكان پاسەوان و پێداویستییەكانی گەشتكردنیان بۆ دابین كردین، بە تڕانزێت لە فڕۆكەخانەی ئەسینا دابەزین، لە هۆڵی فڕۆكەخانەكە دانیشتبووین كە بارزانی برای سەدام هاتە ناو هۆڵەكە و 12 كەسی لەگەڵ بوون، هەر یەكەیان جانتایەكی دبلۆماسی بەدەستەوە بوو، هاتنە ناو هەمان ئەو هۆڵەی منی تێدا بووم.

ئێم بی سی: ئەوە ئەو تیمە بوو كە وویستی تیرۆرت بكات؟
مەسعود بارزانی: بەڵێ كتومت وا بوو، پاسەوانەكانی بارزان بكوژەكان بوون، هاتنە هۆڵەكەوە، بێگومان قسەمان بەیەكەوە نەكرد، لەوانەیە ئەوان پێش ئێمە دەرچووبن بەرەو بەغدا، ئێمەش‌ بەرەو شوێنی خۆمان. دواتر لە ئان و ساتی دانوستانەكانمان لە ساڵی 1991 لە بەغدا بە ڕێككەوت بارزانم بینی و لێم پرسی ‌و پێم گوت: تۆ ئەو كاتە منت لە فڕۆكەخانە ئەسینا بینی ناسیتم؟ وتی بەڵێ ناسیمی، بەڵام پێم وا بوو ناتەوێت قسەم لەگەڵ بكەی، منیش پێم ووت بێ قەزابی تۆ بە خۆت و باندە بكوژەكەتەوە هاتبووی بمكوژی، من چۆن قسەت لەگەڵ بكەم، وتی ئەو ڕۆژانە تێپەرین و بە وویستی خودا جارێكی دیكە ناگەڕێنەوه.

ئێم بی سی: پێت وایە مردنی مەلا مستەفا مردنی پرس كورد بوو؟ 
مەسعود بارزانی: مردنی بارزانی باوكم لەو كاتەدا‌ زۆر سەخت و دژوار بوو، ئاسۆكان ڕوون نەبوون، كارەساتێك بوو بۆ ئێمە،‌ ئەو كات لە ئەمریكا سێ ساڵی لەگەڵی بووم لە یەك ژووردا، پزیشكەكان بۆیان ئاشكرا بوو كە بارزانی باوكم نەخۆشی شێرپەنجەی سییەكانی هەیە، مردنی ئەو كۆستێكی گەورە بوو بۆ من خەڵكانی دیكەش، بە تایبەتیش ئیدریسی برام، لە چارەسەركردنی باوكم بەردەوام بووین، هەمیشه ‌ئامۆژگاری ئەوەی دەكردین كە: مردن هەقە و هەموو مرۆڤێكیش لە هەر‌ پلەو پایەیەكدا بێت، كۆتاییەكی هەیە و تووشی مردن دەبێت، بۆیە پێتان وانەبێت تا كۆتایی من دەمێنمەوە، ڕۆژێك دێت و بەجێتان دێڵم، یان لەوانەیە یەكێك لە ئێوە من بەجێ بێڵن، ئەمە سرووشتی ژیانە و دەبێت باوەڕمان بە قەزار و قەدەری خودا هەبێت، ئەگەر مردیشم دەبێت تۆ و ئیدریس یەك گیان بن لە دوو جەستەدا، ئەمە گرنگترین شتێكە، لە خەبات و كۆششیش بەردەوامبن و خزمەتی گەلەكەتان بكەن، با پەیوەندی باشتان لەگەڵ هەموو لایەكدا هەبێت، هەرگیز چۆك بۆ ستەمكاران دامەدەن، ژیان ئەوە ناهێنێت لە پێناو پاراستنی گیانت كڕۆنۆش بۆ ستەمكار بەر‌یت، ئەقڵتان بخەنەكار، نەرمونیانبن، خۆتان بە خزمەتكاری گەلەكەتان بزانن.

ئێم بی سی: چۆن پێشبینی ئەوەت كرد كە عێراق كوێت داگیر دەكات؟
مەسعود بارزانی: باڵوێزی عێراق لە پراگ لە ساڵی 1972 كە ئەندامی پارتی بوو، ئەو ووتی كە شاندێكی عێراقی هاتن بۆ پڕاگ، ئامانجەكەشیان بنیاتنانی پاڵاوگەیەك یان شتێكی لەو جۆرە بوو لە شاری بەسڕە لە نزیك سنورەكانی كوێت، دیارە (چیك) ەكان هەمان پاڵاوگەیان لە كوێتدا بنیاتنا بوو، باڵوێزەكە ووتی سەرۆكی شاندی عێراق بە (چیك) ەكانی گوت پاڵاوگەكە‌مان بە هەمان ئەو مواسەفاتانە بۆ دروست بكەن كە لە كوێت بنیاتانناوە، چونكە ڕۆژێك دێت سوودی لێ وەردەگرن. دوای كردەكانی ئەنفال من چوومە لەندەن، ئێوارە كۆڕێك هەبوو، پێم گوتن ئێمە باجەكەماندا، ئێوەش هەمووتان هاریكار و پشتیوانی سەدام بوون، ئەوەی ماوە ئێستا ئەوەیە كە ئاگاتان لە كوێت بێت، من ئەوەم لە ساڵی 1989 گوت، لەو كۆڕەدا چەند كوردێك و چەند پەرلەمانتارێكی ئەنجومەنی لورداتی بەریتانی لێ بوون وەك جۆلیان ئێمری و ئێبری.
ئێم بی سی: پێشبینی ئەوەت دەكرد كە سەدام كوێت داگیر دەكات؟
مەسعود بارزانی: دڵنیا بووم كە سەدام دانانیشێت، توركیا دەوڵەتێكی بەهێزە، ئێران بەهێز بوو كە لە شەڕدابوو لەگەڵ سەدام، سوریا دەوڵەتێكی خاوەن سوپا بوو، پێی وابوو ئەوەی لاوازە كوێتە، پێشی وابوو شۆڕشی كوردی لەناوبردووە، بۆیە من هۆشداریمدا، لە بیرمە لە ساڵی 1992 لە لەندەن كە ئاهەنگی پێشوازیكردن هەبوو، باڵوێزی كوێتیش لەوێ بوو، هەندێك باڵوێز باسی ئەو چیرۆكەیان كرد، باڵوێزی كوێتیش وتی: ئەی برا بۆچی پێت نەدەگوتین، منیش گوتم جا برا من چووزانم ئەوە ڕوو دەدات، ئەوەی من گوتبووم مەزندە بوو، خۆ زانیاری تەواوم نەبوو.

ئێم بی سی: دەڵێن  دیلە كوێتییەكان لە كوردستان نێژراون؟
مەسعود بارزانی: ئەوە ڕاست نییە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەكانی ئێمه،‌ نزیكەی 400 بۆ 600 دیلی كوێتیان هێنان بۆ بەندیخانەی بادۆش كە 20 كیلۆمەتر لە باكوری ڕۆژئاوای موسڵەوە دوورە، كە كردەی ئازادكردنی كوێت دەستی پێكرد، دیلەكانیان لەو بەندیخانە گواستنەوە، سەرچاوەكانمان پێیان ووتین كە بە پاسی گەورە بردوویاننە بێجی، ئیدی لەوێوە بۆ باشوور نازانین چیان بەسەر هات، پێم وایە هەموویان كوشتن.

ئێم بی سی:  پێت وابوو دوای ڕوخانی دەسەڵاتەكەی، چارەنووسی سەدام چی دەبێت؟
مەسعود بارزانی: پێم وابوو خۆی دەكوژێت، كە بینیم بەو شێوەیە لە حەشارگەكەیەوە دەریانهێنا، لەبەرچاوم كەوت. وتم ئێمە لە ئیسلامدا فاتیحامان هەیە بۆ مردوو، كە بەو شێوە مردین فاتیحامان بۆ مەخوێنن.

ئێم بی سی: لە بارەی ڕیشەكێشكردنی بەعسەوە چ دەڵێی؟
مەسعود بارزانی:  من بە ڕەهایی دژی ڕیشەكێشكردنی بەعسم، سوێند بە خوای گەو‌رە، ئەگەر لەو بارەوە بڕیارم بە دەستبم، یەك خولەك ڕاناوەستم و هەڵیدەوەشێنمەوە.

ئێم بی سی: گوێت لە قسەكانی حەسەن نەسڕوڵا بوو كە بە گاڵتەجاڕیەوە باسی تۆی كرد، تۆ لەو بارەوە هیچت نەگووت، دەمانەوێت ئەمڕۆ لەو بارەوە شتێك بڵێیت؟
مەسعود بارزانی: ؟ (وڵامی نەدایەوە).

وەرگێرانی: لوقمان حاجی قادر

بەپەلە