وەزیری ناوخۆ هۆكاری قەدەغەی هاتووچۆی تەواو ئاشكرادەكات

کوردستان

04/04/2020‌ 2979 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان هۆكاری بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی تەواوی روونكردەوە، كە لەئەمڕۆ شەممەوە بۆ 48 سەعات جێبەجێدەكرێت.

رێبەر ئەحمەد لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەمڕۆ شەممە وتی: ئەوان دەیانەوێت بەو بڕیارە رێگری زیاتر لەبڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكەن، وەك ئەوەی چۆن لەماوەی رابردوو كردوویانە.

رێبەر ئەحمەد وتیشی: جگە لەوە دەمانەوێت پێداچوونەوە بكەن بەو بڕیارانەی لەرابردوو لەلایەن لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دراوە، هەروەها بۆ ئەوەی بزانین ئێستا لە چ قۆناغێكین.

شەوی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی تەواوی بەئۆتۆمبیل‌و پیادەش دەركرد، كە لەئەمڕۆ شەممەوە بۆ 48 سەعاتی داهاتوو جێبەجێدەكرێت.

وەزیری ناوخۆ باسی لەوەش كرد، كە بەشێك لەخەڵكی ئێمە لەمەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا تێنەگەیشتوون، یان پێیان نەگەیشتووە، هەندێك كەسیش بەهەڵە لەو رێگەپێدانانە گەیشتوون‌و سوودی هەڵەی لێوەردەگرن، بۆیە ئێمە ناچارین رێكارەكان توند بكەینەوە.

ئەوەشی وت: لەماوەی 48 سەعاتی رابردوو فشارێكی زۆرمان لەسەر بوو، لەلایەن هاووڵاتیان‌و ئێمەش بۆیە ئەو بڕیارەمان دەركرد، بۆ ئەوەی هەناسەیەك بدەین‌و پێداچوونە بكەین.
 
هـ ـ ح