سەنتەری میترۆ: پشتیوانی لە داواكەی وەزیری ناوخۆ دەكەین

کوردستان

04/04/2020‌ 564 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

سەنتەری میترۆ بۆ داكاكۆكی كردن لەرۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت، پشتیوانی داخوازییەكەی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات كە رۆژنامەنوسان و دەزگاكانی راگەیاندن هاوكار بن لە دیاریكردنی ئەو رۆژنامەنوسانەی لە ئەركی رۆژانەدان و رێگە نەدەن شوناسی دەزگاكانیان بۆ شكاندنی قەدەغەكردنی هاتوچۆ بەكار بهێنن

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی سەنتەری میترۆ" ئەمڕۆ لە كۆنگرەی رۆژنامەنوسی وەزیری ناوخۆ تیشكی خستە سەر بریاری وەزارەتی ناوخۆ، ئاماژەی بەوە كرد كە رۆژنامەنوسان ئازادن لە روماڵكردن بەڵام زۆرێك لە رۆژنامەنوسان شوناسی رۆژنامەنوسان بۆ شكاندنی قەدەغەكردنی هاتوچۆ و كاری تایبەت، بەكاردەهێنن.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەم بارەیەوە سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت پشتیوانی لە داخوازییەكەی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و داوای لە سەندیكای رۆژنامەنوسان و دەزگاكانی میدیا دەكات رێكاری بە پەلە بگرنە بەر تا شوناسی سەندیكا و میدیاكان نەكرێنە چەكێك بۆ شكاندنی بریارەكانی خۆپارێزی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ.

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكە هاتووە،" پێشتریش لە چەند لایەنێكی رەسمی ئاگارداركراوین كە شوناسی رۆژنامەنووسی لە بازگەكانی ناوشارو دەرەوە زۆر بەكار دێت ئەمرۆش جەنابی وەزیری ناوخۆ باسی لەوەكرد كە تەنها لە یەك بازگەدا " 90 ئۆتۆمبێل شوناسی رۆژنامەنوسی دەرهێناوە گوایە لە ئەركدا بوون"

میترۆ جەختدەكاتەوە "نابێت رۆژنامەنووس شوناسی رۆژنامەنووسی بۆ كاری تایبەتی بەكار بهێنێت وەك پیاسەكردن بەشارو شكاندنی بریاری قەدەغەكردنی هاتوچۆ، ئەوەی لە ئەركدا نییە تكایان لێدەكەین پابەندی رێنماییەكان بن.