سریەی بەرگری کیمیاوی پێشمەرگە روونکردنەوەیەکی لەبارەی دەنگۆی بەکارھێنانی گازی سارین بڵاوکردەوە

کوردستان

04/04/2020‌ 8597 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سریەی بەرگری کیمیاوی پێشمەرگە روونکردنەوەیەکی لەبارەی دەنگۆی بەکارھێنانی گازی سارین بڵاوکردەوەو رایگەیاند، دەنگۆی بەکارھێنانی گازی سارین لە عیراق و کوردستان و ئێران لە لایەن وڵاتە زڵھێزەکانەوە درۆیەکی شاخدارە، و ئەسل و ئەساسی نیە.

سریەی بەرگری کیمیاوی پێشمەرگە لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، دەنگۆی بەکارھێنانی گازی سارین لە عیراق و کوردستان و ئێران لە لایەن وڵاتە زڵھێزەکانەوە درۆیەکی شاخدارە، و ئەسل و ئەساسی نیە.

باسی لەوەشکردووە، گازی سارین گازێکی کیمیاویە، بەشێوەی شل و غازیش ھەیە، کاریگەری لە سەر دەمار و مێشک (ئەعساب)ی مرۆڤ دەکات، ئەم گازە وەک چەکێکی کیمیاوی دادەندرێت لە بواری سەربازیدا، لەسەر ئاستی جیھان بە چەکێکی کۆمەڵکوژ دادەندرێت و قەدەغەیە بەکاربھێنرێت. لە ساڵی ١٩٣٨ لە ئەڵمانیا بۆ یەکەم جار دۆزرایەوە.

سریەی بەرگری کیمیاوی پێشمەرگە دەشڵێت، گازی سارین بێ بۆن و بێ تام و بێ رەنگە، لە ھەوا قورسترە و لە شوێنە نزمەکان دەمێنێتەوە، توانای بڵاوبوونەوەی زۆری نیە، بۆ خۆپاراستن لێی باشترە بچێتە شوێنە بەرزەکان نەک لە ژوورەوە خۆی حەشاربدەی.

رونیشیكراوەتەوە، ھەڵمژینی ئەم گازە یان بەر پیست کەوتنی دەبێتە ھۆی تێکدانی مێشکی مرۆڤ، و وەستانی دڵ و کۆئەندامی ھەناسە، نیو میلیگرام بەسە بۆ کوشتنی کەسێک.

باس لەوەشدەکات، نیشانەکانی بەرکەوتووی گازی سارین:
شەلەل، گرژبوونی ماسولکە، ژانە سەرێکی زۆر، فراوانبوونی بیلبیلەکانی چاو، ئارەقەکردن، تشنج، کۆکە و تەنگە نەفەسی، ئاوی لووت و فرمێسکی جاو، سوتانی پیست، مێزکردن و سکچوون و ڕشانەوە، خێرایی لێدانی دڵ ... لە ئەنجامی ھەموو ئەم کاریگەریانە، دەبێتە ھۆی مردنی مرۆڤ و گیانلەبەران.

جەختیش دەکاتەوە، بۆیە، بەھیچ شێوەیەک گازی سارین توانای بلاوبوونەوەی نیە لە مرۆڤێک بۆ مرۆڤێکی تر وەک ڤایرۆسی کۆرۆنا. ئەوەی کەمێک شارەزایی ھەبێت دەزانێت جیاوازی نێوان گازە کیمیاوییەکان و ڤایرۆس چیە، ئەگەر گازی سارین دژی شارێک بەکاربھێنرێت دەستبەجێ شارەکە ھەموی وێران دەبێت خەلکێکی زۆر دەمریت، نەک لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگوازرێتەوە.

لە راگەیەندراوەکەی سریەی بەرگری کیمیاوی پێشمەرگەدا هاتووە، لێرەوە، داوا لە پیشمەرگە قارەمانەکان و برا پۆلیس و ئاسایش دەکەین بەردەوام بن لە جێبەجێکردنی رێنماییەکان ھیچ مەترسیەک لەسەرتان نیە، ئەو ھەواڵانەی بڵاودەکرێنەوە راست نین و ھیچ بنەماییەکی زانستی نیە.