لەبارەی بڵاوكردنەوەی سیستەمی پاتریۆت پەیامێكی نهێنی عەبدولمەهدی بۆ ئەمریكا ئاشكرادەبێت

عیراق

05/04/2020‌ 4661 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێگەی "بولگاریان میلیتاری"، كە تایبەتمەندە بە كاروباری سەربازی ئاشكرایكردووە، لە مانگی شوباتی رابردوودا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیری دەستلەكاركێشاوەی عێراق نامەیەكی نهێنی ئاراستەی مارك ئیسپەری وەزیری بەرگری ئەمەریكا كردووە و تێیدا داوای كردووە بڵاوكردنەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "پاتریۆت" لە بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق دوابخات، بەڵام واشنتۆن گوێی بەو داوایەی عەبدولمەهدی نەداوە.

پێگەكە لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە نامە نهێنییەكەی عەبدولمەهدی بۆ وەزیری بەرگری ئەمەریكا بۆ ٢ی شوباتی رابردوو دەگەڕێتەوە، كە تێیدا سەرۆك وەزیری دەستلەكاركێشاوەی عێراق ئاماژەی بە پلانەكانی واشنتۆن كردووە بۆ جێگریكردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت لەبنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای ئەنبار و بنكەی حەریر لە پارێزگای هەولێر.

پێگەكە بەشێك لە ناوەڕۆكی نامەكەی گواستووەتەوە، بەشێوەیەك دەسەڵاتدارانی عێراق دەزانن، كە سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت سیستەمێكی بەرگرییە، بەڵام ئەو هەنگاوە كاریگەری دەكاتە سەر دۆخی هەموو ناوچەكە بەگشتی.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە  ئەگەر بێت و گواستنەوەی سیستەمەكە هاوكات بێت لەگەڵ هەندێك پلانی هێرشبەرانەدا ئەوە گرژی و نائارامییەكان لەناوچەكە زیاتر دەبن و ئەوكاتەش دۆخەكە لەدەست دەردەچێت.

لەدرێژەی راپۆرتەكەی پێگەی بولگاریان میلیتاریدا هاتووە، وادیارە واشنتۆن گوێی لەو هۆشداریانە نەگرتووە و بەشێوەیەكی كرداری دەستی كردووە بەجێگریكردنی سیستەكە لە هەردوو بنكەی عەین ئەسەد و بنكەی حەریر لە هەولێر، ئەوە جگە لەوەی دوو سەكۆی تری سیستەمەكە لەوڵاتی كوێتن و لەچاوەرێی گواستنەوەدان بۆ عێراق.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی