كورد نایەوێت ببێتە بەشێك لە ململانێی نێوماڵی شیعە

کوردستان

05/04/2020‌ 745 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عیماد باجەلان پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێـت: عادل عەبدومەهدی سەرۆك وەزیری دەستلەكاركێشاوە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو چانسی لەعەدنان زورفی سەرۆك وەزیری راسپێردراو زیاترە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كورد نایانەوێت ببنە بەشێك لە ململانێی نێوماڵی شیعە.

باجەلان لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا دەشڵێـت: وەك كورد هیچ مەرجێكمان نییە، كە قابیل بە جێبەجێكردن نەبێت، كە نامانەوێت ببینە بەشێك لەو ململانێیەی ئێستا لەنێوان لایەنە شیعییەكان لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیراندا هەیە.

باجەلان ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە دەمانەێت سەرۆك وەزیری ڕاسپێردراو پێش ئەوەی بێتە لای پارتە كوردییەكان بۆ باسكردن لەبابەتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، پرسەكە لەگەڵ لایەنە شیعییەكان یەكلاییبكاتەوە، لەبەر ئەوەی كاتێك پشتیوانی زورفی دەكەین ئەگەر بێت و پشتیوانییەكی بەهێزی لایەنە شیعییەكانی هەبێت.

پەرلەمانتارەكەی پارتی جەختی لەوەش كردووەتەوە لە پارتی هیچ گەرەنتییەكی بە زورفی نەداوە و مەرجی ئەوەشمان لەسەر دانەناوە كە هەر دەبێت وەزیری دارایی و ئاوەدانكردنەوە لەپۆستەكانی خۆیاندا بمێننەوە . 

بە قسەی ئەو پەڕلەمانتارەی پارتی هەموو هێزە سیاسییەكان هاوران لەسەر ئەوەی عادل عەبدولمەهدی لەپۆستەكەی خۆیدا بمێنێتەوە ، بۆیە بۆ ئەو وەرگرتنی ئەو پۆستە ناوبراو زۆرترین چانسی هەیە . 

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی